ئورسولا ڤۆن دێرلاین: “دەبێت یەکێتیی ئەورووپا خۆى بۆ بڕینى تەواوەتیى گازى رووسیا ئامادە بکات”

کۆمیسیۆنى یەکێتیى ئەورووپا لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا پلانى دۆخى لەناکاو ئاشکرا دەکات.

سەرۆکى کۆمیسیۆنى یەکێتیى ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێرلاین ئاشكرایكرد، دەبێت یەکێتى ئەورووپا ئامادە بێت بۆ ئەگەرى ئەوەى کە رووسیا تەواوى گازەکەى ببڕێت.

ئورسولا ڤۆن دێرلاین لە میانى بەشدارییکردنى لە دانیشتنى کۆمەڵەى گشتیى پەرلەمانى ئەورووپا کە لە شارى سترازبۆرگ لە فەڕەنسا بەڕێوەچوو، کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى ئەنجامدا.

ڤۆن دێرلاین باسى لە دابینکەرى وزە کرد و گوتى: “پێش هەموو شتێک دابینکەرى گازمان لە رووسیاوە بۆ دابینکەرى متمانەپێکراو دەگۆڕین. هەوڵەکانمان لە ئێستاوە جیاوازییەکى گەورەى نیشانداوە”.

ئاماژەى بەوەشکرد لە مانگى ئادارەوە تا ئێستا هەناردەکردنى گازى سرووشتیى شلی جیهان لە رووسیاوە بۆ ئەورووپا بەراوورد بە ساڵى ٢٠٢١ لە سەدا ٧٥ زیادیکردووە و راشیگەیاند هەناردەى گازى سرووشتیى شل لە ئەمریکاوە بۆ یه‌كێتیی ئەورووپا بۆ سێ هێندە به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

سەرۆکى کۆمیسیۆنى یەکێتیى ئەورووپا رایگه‌یاند: “یەکێتیى ئەورووپا دەبێت خۆى بۆ زیاتر بڕینى گازى سرووشتى و تەنانەت بە تەواوەتى بڕینى گازى سرووشتیى رووسیا ئامادە بکات”.

ئورسولا ڤۆن دێرلاین ئەوەشى ئاشکرا کرد کە لە ئێستادا ١٢ وڵات به‌ره‌وڕووی پچڕانی گاز بوونه‌ته‌وه‌ و لەبەرئه‌وه‌ لە ناوەڕاستى ئەم مانگەدا پلانى دۆخى لەناکاو ئاشکرا دەکەن.

گوتیشى: “لە حاڵەتى بڕینى تەواوەتى دەبێت لەوە دڵنیابینەوە کە گازەکە بۆ ئەو شوێنە دەڕوات کە زۆرترین پێویستى هەیە. دەبێت هەماهەنگییەکى ئەورووپى لە نێوانماندا هەبێت، دەبێت بازاڕى هاوبەشمان بپارێزین”.

By ubnt