ئیمارات بڵاوی کردەوە کە کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی وڵاتەکەی ADNOC و کۆمپانیای ویلهێلم هۆیەر GmbH & Co. KGی ئەڵمانی (Hoyer) رێککەوتوون لەبارەی دابینکردنی٢٥٠ هەزار تۆن گازوایلی مانگانە لە ساڵی ٢٠٢٣دا.
بەپێی ئاژانسی هەواڵیی فەرمی ئیمارات، سەرۆکی ئیمارات، محەمەد بن زاید ئال نهەیان لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شوڵتز کۆبووەتەوە کە لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ کەنداو سەردانی وڵاتەکەی کردووە.
لەو دیدارەدا، تاوتوێی پێشهاتە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان و رێگاکانی هاریکاری کرا بۆ پەرەپێدانی ستراتیجیی هاوبەشی گشتگیر لە نێوان ئیمارات و ئەڵمانیادا.

لە رێوڕەسمێکدا کە هەر یەک لە سەرۆکی ئیمارات ئال نهەیان و راوێژکاری ئەڵمانیا شوڵتز بەشدار بوون، زنجیرەیەک رێککەوتن لە نێوان بەرپرسانی پەیوەندیدار و کۆمپانیاکانی هەردوو وڵاتدا واژوو کرا.
لەو چوارچێوەیەشدا رێککەوتن لە نێوان کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئیمارات ADNOC و کۆمپانیای وزەی ئەڵمانی Hoyer واژووکرا لەبارەی دابینکردنی٢٥٠ هەزار تۆن گازوایلی مانگانە لە ساڵی ٢٠٢٣دا.
بەپێی رێککەوتنی نێوان ADNOC و کۆمپانیای وزەی ئەڵمانی RWM، کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئیمارات گازی سروشتیی شل بۆ کۆمپانیا ئەڵمانییەکە دابین دەکات، یەکەم گواستنەوەش لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا ئەنجام دەدرێت.
لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا بۆ کەنداو، راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شوڵتز سەردانی سعوودیەی کرد و پاشان چووە ئیمارات و لە دوای تەواوبوونی دیدار و کۆبوونەوەکانی لەو وڵاتە سەردانی قەتەری کرد.
میدیای ئەڵمانیا بڵاویان کردبووەوە، شوڵتز بەمەبەستی دیدار و کۆبوونەوە لەبواری وزە و واژووکردنی چەند رێککەوتنێک لەو بوارەدا دەستی بە گەشتی کەنداو کردووە.