حەسەن حوسێن زادە ئەندامی لیژنەی وزە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا عێراق دەستبەرداری کارەبای وڵاتەکەیان دەبێت.
ئەو پەرلەمانتارە بۆ ئاژانسی هەواڵی ئێلنای ئێرانی رایگەیاندووە، پێویستە حکومەتی ئێران بیر لە پلانێکی تۆکمە بکاتەوە، تاوەکو بەردەوام بن لە هەناردەکردنی کارەبا.
دەشڵێت لە چەند ساڵی ئایندە عێراق دەستبەرداری کارەبا دەبێت، پێویستە لە رێگەی دیکەوە هاوکاری عێراق بکرێت و پشکدار بن لە دامەزراندنی وێستگەی تایبەت تاوەکو سوودمەند بن لەو هەوڵانەی عێراق.
ئاماژەی بەوەدا، عێراق هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز و کارەبا بکات و ژێرخانی ئابوورییەکەی بۆ 20 ساڵی داهاتوو تۆکمە بکات.
پێشبینیش دەکات، لە 8 ساڵی داهاتوو عێراق تۆڕی کارەبا و کەرتی وزەی فراوان بکات، بە شێوەیەک پێویستی بە کارەبا و گازی ئێران نەبێت و دەستباری بێت.
ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی 6 ملیار دۆلار قەرزی کڕینی کارەبا و گازی ئێران لەسەر عێراق کەڵەکە بووە، کە بەهۆی سزاکانی ئەمهریکا بەغدا نەیتوانیوە بیانداتەوە.