ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، پڕۆژەیاسای بوودجەیەکی کاتی پەسەند کرد کە تا ١١ی ئادار بوودجەی حکوومەت دابین دەکات.
ئەم پڕۆژەیاسایە کە رێگری دەکات لە داخستنی حکوومەت لە ١٨ی شوباتدا، بە ٢٧٢ دەنگی “بەڵێ” لە بەرامبەر “١٦٢” دەنگی نەخێر پەسەند کرا.
لە قۆناغی دواتریشدا پڕۆژەیاساکە دەچێتە ئەنجوومەنی پیران بۆ دەنگدان لەسەری، بەمشێوەیەش پڕۆژەیاساکە سێ هەفتەی دیکە کات دەدات بە پەرلەمانتارانی پارتی کۆماریی و پارتی دیموکرات تا لەسەر بوودجەی ٢٠٢٢ بگەنە رێککەوتن.
ئەگەر لە ئەنجوومەنی پیران، پڕۆژەیاساکە پەسەند بکرێت، ئەوا دەخرێتە بەردەم سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن تا واژووی کۆتایی لەسەر بکات و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەگەر ئەم پڕۆژەیاسایە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا دەبێتە سێیەم بوودجەی کاتی کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا رێگری لە داخستنی حکوومەت کردووە.
بەگوێرەی یاساکانی ئەمریکا، ساڵی ئابووریی ٢٠٢٢ لە یەکی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ەوە دەستی پێ کردووە و لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٢دا کۆتایی دێت، ئەگەر بۆ ئەو ماوەیەش بوودجەی ساڵانە پەسەند نەکرێت، ئەوا پێویستە لە رێی بوودجەی کاتییەوە پێویستییەکانی وڵات دابین بکرێن، ئەگەر بوودجەی کاتیش پەسەند نەکرێت ئەوا حکوومەت دەسەڵاتی خۆی لەدەست دەدات و بەشێوەیەکی کاتی چالاکییەکانی دەوەستێت.