تاڵیبان هۆشداریدەداتە ئەمریکا و داوا دەکات لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئەفغانستان جێبهێڵێت

بزووتنەوەی تاڵیبان هۆشداری تووند دەداتە سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دواخستنی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان و دەڵێ ئەنجامی خراپی دەبێت.  31ـی ئەم مانگە دوایین کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە ئەفغانستان، بەڵام رۆژی یەکشەممە 22-8-2021 جۆ بایدن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا هێزەکانیان بەهۆی پرۆسەی گواستنەوەی خەڵکەوە تاوەکو دوای ئەو کاتەش دەمێننەوە. دوای ئەو قسانەی بایدن، سوهەیل شاهین، گوتەبێژی نووسینگەی تاڵیبان لە قەتەر رایگەیاند: “مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە دوای 31ی ئاب هێڵی سوورە. بایدن پێشتر گوتویەتی تاوەکو 31ی ئاب هەموو هێزەکانی دەکشێنێتەوە. ئەگەر ئەو وادەیە درێژکرایەوە مانای درێژکردنەوەی داگیرکارییە و ئەوەش پێویست نییە”. سوهەیل شاهین دەشڵێت: “ئەگەر ئەمریکا و بەریتانیا داوای کاتی زیاتر بکەن بۆ گواستنەوەی خەڵک، وەڵامەکەی نەخێر دەبێت یانیش ئەنجامی خراپی دەبێت”. بەرپرسەکەی تاڵیبان دەڵێ، “درێژکردنەوەی کاتی مانەوەی هێزە بیانییەکان دەبێتە هۆی نەمانی متمانە بە بزووتنەوەکە و ئەگەریش ئەو هێزانە هەر سووریش بن لەسەر مانەوە، ئەو کاتە کاردانەوەمان دەبێت”.  گوتەبێژەکەی تاڵیبان رەتی دەکاتەوە خەڵك لە ترسی دەسەڵاتی بزووتنەوەکەی لە وڵاتەکە هەڵبێن و دەڵێ ئەوانەی ئەفغانستان جێدەهێڵن دەیانەوێت لە وڵاتێکی رۆژئاوا بژین و ئەوەش “کۆچی ئابوورییە، چونکە ئەفغانستان وڵاتێکی هەژارە 70٪ی دانیشتووانەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدان؛ بۆیە هەمووان دەیانەوێت لە وڵاتێکی رۆژئاوا بە ژیانێکی باشترەوە بژین. پرسەکە پەیوەست نییە بە ترس لە دەسەڵاتی تاڵیبان”. لە رۆژانی رابردوودا لە هەندێک سەرچاوەوە هەواڵی لەو جۆرە بڵاوبووەوە کە لە هەندێک شوێن چەکدارانی تاڵیبان لە دەرگەی ماڵان دەدەن و بە دوای فەرمانبەرانی حکومەتی ئەفغانستاندا دەگەڕێن و دەستگیریان دەکەن؛ هاوکات باس لە داخستنی چەندین قوتابخانەی تایبەت بە کچان دەکرێت لە ویلایەتەکان؛ سوهەیل شاهین لەوبارەوە دەڵێت، “ئەو هەواڵانە راست نین.”

By ubnt

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *