بە وردبینی “بەرز”… پشکنینی خوێنێک کە هەڵگری تیشکێکی هیوایە بۆ نەخۆشانی شێرپەنجەی مەمک

لە ئێستادا ژنان پشت بە مەمۆگرام دەبەستن بۆ دەستنیشانکردنی ئەگەری شێرپەنجە، بەڵام ڕەنگە پشکنینی خوێن لە داهاتوودا بەدیلێکی باشتر بێت، پسپۆڕانی تەندروستی بەریتانیاش دەڵێن شۆڕشێک لە بواری تەندروستیدا دروست دەکات.

بەپێی رۆژنامەی “دەیلی مەیل”ی بەریتانی، ئەو پشکنینەی کە چاودێری خانە شێرپەنجەییەکانی ناو خوێن دەکات دەتوانێت لە قۆناغێکی سەرەتایی نەخۆشییەکە دەستنیشان بکات، ئەمەش کاریگەری چارەسەرکردن بەرز دەکاتەوە.

وردی ئەم پشکنینە کە ناوی “پشکنینی ڕاستی”ە، لە دیاریکردنی خانە شێرپەنجەییەکان لە سەدا ٩٢یە، واتە بە نزیکەی پێنج خاڵ وردترە بە بەراورد بەو پشکنینەی کە لە ئێستادا لە ڕێگەی وێنەگرتنی تیشکەوە ئەنجام دەدرێت.

پسپۆڕان پێیان وایە کە مەمۆگرافی هەمیشە سەرکەوتوو نابێت لە دیاریکردنی خانە شێرپەنجەییەکانی مەمک کاتێک کە زۆر گەنجن، بەتایبەتی لەنێو ژنانی گەنجدا.

پزیشک و پزیشکی نەشتەرگەری تایبەت بە شێرپەنجەی مەمک، کیفاح مۆکبێل، یەکێک لە بەشداربووانی پڕۆژەی پزیشکی بۆ پەرەپێدانی پشکنینەکە، رایگەیاند، چاودێریکردنی خانەکان لەڕێگەی خوێنەوە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی دروست دەکات.

تیم کرۆک، پزیشک و توێژەر لە بواری شێرپەنجە لە “کلینیکی لەندەن”ی تایبەت دەڵێت، لە هەمان ڕوانگەدا، کە پشکنینەکە لە ڕێگەی خوێنەوە ڕەنگە بەدیلێک بێت بۆ تەکنەلۆژیای تیشک.

شێرپەنجەی مەمک

پزیشکەکە پشت بە پشکنینی خوێن دەبەستێت بۆ ئەوەی شێرپەنجەی مەمک لەو نەخۆشانە دەستنیشان بکات کە دەچنە دامەزراوەکە، ئاماژەی بەوەشکردووە، درەنگ دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشییە شێرپەنجەییە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی گەورە لە بەریتانیا.

کاتێک ئەم پشکنینە ئەنجام دەدرێت، پەرستارەکە نمونەی خوێنی ٥ ملیلیتر وەردەگرێت، پاشان شیکاری بۆ دەکرێت بۆ بوونی ئەو خانەیەی کە پێیان دەوترێت خانە وەرەمییە گوازراوەکان.

ئەم خانانە زیاتر لەلایەن وەرەمی شێرپەنجەوە بەرهەم دەهێنرێن، و زۆرجار نیشاندەرێکی بەهێزن بۆ نەخۆشی.

لە توێژینەوەیەکی تاقیکاریدا کە نمونەی ٩٦٣٢ ژنی تەندروست لەخۆگرتبوو، لەگەڵ ٥٤٨ ژنی تووشبوو بە شێرپەنجە، دەرکەوت کە پشکنینی خوێن بە وردی لەسەدا ٩٢ نەخۆشییەکە دەستنیشانکردووە.

هەروەها سوودی ئەم پشکنینە لەوەدایە کە توانای دیاریکردنی شێرپەنجەی هەیە لە قۆناغێکی پێشکەوتووی نەخۆشییەکەدا، واتە کاتێک وەرەمەکان بۆ ناوچەکانی تری لەش بڵاوبوونەتەوە.

وە وردی ئەم پشکنینە خوێنە گەیشتە سەدا سەد لەنێو ئەو ژنانەی کە گەیشتنە قۆناغی سێیەم و چوارەمی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان.

telegram

By ئابوري نيوز