سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند کە پێشنیازێکی لەبارەی وەرگرتنی باج لەسەر بەنزین بۆ ماوەی سێ مانگ لە وڵاتەکەی، پێشکەش بە کۆنگرێس کردووە.
جۆ بایدن بەم پێشنیازە، ئامانجی دابەزاندنی نرخی بەنزینە کە لە بازاڕەکانی ئەمریکادا بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە و ھەر گالۆنێک (٣،٧٢ لیتر) بەنزین پێنج دۆلاری تێپەڕاندووە.
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە خەڵک لە ئەمریکا، پارەی زۆر دەدەن بۆ کڕێنی سووتەمەنی و رایگەیاند کە ئەوان شایەنی ئەوەن لە سایەی ئەم رەوشەی ئێستادا، پاڵپشتی دارایی بکرێن.
رێژەی ھەڵاوسان لە ئەمریکا لە مانگی ئایاری رابردوودا، گەیشتە ٨،٦ لەسەدا کە لە ساڵی ١٩٨١وە ئەو رێژەیەی تۆمار نەکردووە.
جۆ بایدن باسی لەوەش کرد کە ھەڵپەساردنی وەرگرتنی باج لەسەر بەنزین، قەیرانەکە چارەسەر ناکات، بەڵام ھەندێک لە بارگرانی سەر شانی ھاووڵاتییان کەم دەکاتەوە.
وەرگرتنی باج لەسەر بەنزینی فیدراڵیی لە ئەمریکا بۆ یەک گالۆن دەگاتە ١٨،٤ سەنت، بەڵام وەرگرتنی باج لەسەر یەک گالۆن دیزڵ دەگاتە ٢٤،٤ سەنت.