کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی کە کۆمپانیایەکی تورکی – بەریتانییە رایدەگەیێنێت، ئاگادارکردنەوەیەکی لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان پێگەیشتووە بۆ ئەوەی کۆتایی بە گرێبەستی کۆمپانیاکە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بهێنێت لە دوو کیڵگەی بنەباوی و میران. کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمپانیاکە پێیوایە کە هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە گرێبەستەکانی کۆمپانیاکە لەو دوو کێڵگەیەدا بهێنێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی گرێبەستی هاوبەشکردنی بەرهەم لەگەڵ کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی و کۆمپانیا نەوتییەکانی دیکە رێککەوتنی کردووە بۆ پەرەپێدانی بلۆکە نەوتییەکان. بەپێی گرێبەستەکانی هاوبەشکردنی بەرهەم ئەگەر کۆمپانیایەک نەتوانێت لەو ماوەیەدا کە بۆی دیاریکراوە بلۆک و ناوچە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان پەرەپێبدات ئەوا گرێبەستەکەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەڵدەوەشێتەوە. کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی راگەیاندووە کە خوازیارە لە چوارچێوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت لە کارکردن، بەڵام هەموو مافێک بۆ خۆی بە پارێزراو دەزانێت کە لە دژی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بیگرێتەبەر لە نێوانیشیاندا قەرەبووکردنەوەی ئەو وەبەرهێنانەی لە هەرێمی کوردستان کردوویەتی. گەنەل ئینێرجی رایگەیاندووە، بەنیازە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداربکاتەوە کە رازی نییە بە کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکانی و بە نیەتێکی باشەوە ئامادەی دانوستاندنە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە کارەکانی بەردەوام بێت. کۆمپانیاکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیوادارە لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەربکات و “پێویست بەوە نەکات کە کەیسەکە ببەنە دادگەیەک یان ناوبژیوانێکی نێودەوڵەتی.” جگە لە دوو کیڵگەی بنەبای و میران، کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی لە کێڵگەی تەقتەق و کێڵگەی تاوکێ لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی دیکە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی نەوتە.
حکومەت بەنیازە گرێبەستی کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی لە دوو کێڵگە هەڵوەشێنێتەوە
