داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان؛ ‘ماددەی ژەهراویان تێدایە کە دەبێتە هۆی شێرپەنجە’

ژمارەیەک پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر داخران کە بە قسەی پسپۆڕان و بەرپرسانی حکومەت. جگە لە زیانی تەندروستی و ژینگەیی، بەشێکیان بوونەتە دەرچەیەک بۆ ساخکردنەوەی سووتەمەنی کوالێتیی خراپ. کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەی پاڵاوگە نایاساییەکان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 180 پاڵاوگە دەبێت و دابەشبوونیشیان بە جۆرێکە کە نزیکەی 75 دانەیان لە سنووری پارێزگای هەولێر، 32 دانەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک و 26 دانەیشیان لە سنووری پارێزگای سلێمانین. شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستانیش بە رووداوی راگەیاند، پێشتر 214 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەرێمی کوردستان هەبوون، بەڵام سێ ساڵ لەمەوبەر بەشێکی زۆریان داخران، سەرەڕای ئەوەش ماوەیەک لەمەوبەر ژمارەیان بۆ نزیکەی 180 پاڵاوگە زیادیکردەوە. هاوکات فەلاح مەولوود، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر گوتی، “نزیکەی 75 پاڵاوگە لە سنووری پارێزگای هەولێر کاردەکەن، ئێمەش لەسەر راسپاردەی پارێزگار و قایمقامی هەولێر، ئەو پاڵاوگانە کە بە نایاسایی کاردەکەن، ئێمە لە 1ـی ئابەوە دەستمان پێکردووە و تاوەکو 23 پاڵاوگەمان داخستووە.”  لە مانگی نیسانی 2021دا وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیژنەیەکی باڵایان بۆ داخستنی 169 پاڵاوگەی نایاسایی پێکهێناوە و دادەخرێن. بەپێی بڕیاری پارێزگاری دهۆک، دەبێت تاوەکو 25ی مانگی ئابی 2021 سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان لەو پارێزگایە دابخرێن.  عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاڵاوگە نایاساییەکان لە سنووری رووبەرێکی 50 کیلۆمەتر چوارگۆشەیی زیانی گەورە بە خەڵک و ناوچەکان دەگەیێنن و گوتیشی، “بەشێکی زۆری بەرهەمەکانیان دەدرێتە موەلیدە ئەهلییەکان کە بەپێی توێژینەوەکانی بەردەستیان دەرکەوتووە ماددەی ژەهراوی وەهایان تێدایە کە دەبێتە هۆی شێرپەنجە.” پاڵاوگە نایاساییەکان لەدەرەوەی رێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکەن و هیچ مۆڵەتێکی فەرمی کارکردنییان نییە. ئەو پاڵاوگانە دەبنەهۆی دەردانی چەندین گازی زیانبەخش کە زیانێکی زۆر بە تەندرووستی مرۆڤ دەگەیێنن.  عەللا ئەسەدی، شارەزای بواری نەوتە و دەڵێت، “ئەو پاڵاوگانە پاڵاوگەی قەبارە بچووکن، تاوەری پاڵاوتن کە لە پاڵاوگەکاندا سەرەکیین ئەگەر باش بێت ئەوا بەرهەمەکان باش دەبن، بەڵام لێرە دەچن تاوەری تورکی یان چینی یان هیندی دەهێنن و ئەوانە نرخییان کەمە و کواڵیتییان خراپە و دەردانی گازی زۆرییان هەیە، لەنێو نەوتدا 37 ماددەی کیمیایی هەن کە بەهۆی باش نەپاڵاوتنییەوە نزیکەی 30 ماددەی گازی و ناگازی هەن کە نەپاڵێوراون و دەچنە نێو هەوا و هۆکاری بۆنی ناخۆش و پیسکردنی ژینگەن.” چەند جارێک ژمارەیەک پەرلەمانتار پێشنیازیان بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کردووە کە نەوت بە پاڵاوگە نایاساییەکان نەدات و رایانگەیاندووە، ئەو هەنگاوە دەبێتە سەرەتای داخستنیان. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش رەتیدکاتەوە نەوتی خاوی پێدابن. 

By ئابوري نيوز

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *