دانەغاز و کرێسنت پترۆلیۆم رێکەوتنێکیان بە بەهای 250 ملیۆن دۆلار لەگەڵ دەزگاى دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکا (DFC) واژۆکرد بۆ فراوانکردنی گەورە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، رێککەوتنە داراییەکە بە بڕى 250 ملیۆن دۆلار بودجەى پێویست دابین دەکات بۆ پرۆژەی فراوانکردنی کۆرمۆر، کۆی تێچوی پڕۆژەكە 630 ملیۆن دۆلاره لە پێناو زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان بە ڕێژەی 50%.
کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، کۆمپانیاى سنوردارى پێرڵ پترۆلیۆم (پێرڵ پترۆلیۆم) ئەو کۆنسۆرتیۆمەى کە لەلایەن هەردو کۆمپانیاى ئیماراتى (دانەغاز و کرێسنت پترۆلیۆم)ەوە ڕابەرایەتى دەکرێت ڕێکەوتنێکى واژۆکردوە بە بڕى 250 ملیۆن دۆلار لەگەڵ دەزگاى دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵە تی ئەمریکا (“DFC”) بەمەبەستى دابینکردنى بودجەى پێویست بۆ کارەکانی فراوانکردنى گەورە لە کێڵگەى غازى کۆرمۆر لە هەرێمى کوردستانى عێراق، رێکەوتنە داراییەکە بودجەى پێویست دابین دەکات بۆ پرۆژەی فراوانکردنی کۆرمۆر.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کۆی تێچوی پرۆژەكە 630 ملیۆن دۆلاره لە پێناو زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان بە ڕێژەی 50% بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا رۆژانە لە نیسانى 2023ەوه.
کۆمپانیای دانەغاز باسی لەوەشکردوە، دەزگاى دارایی پەرەپێدان كۆڵەکەى دارایی گەشەپێدانی حکومەتی ئەمریکایە و داهاتە بەردەستکەوتوەکانی ئەم رێکەوتنە 7 ساڵیەى DFC پشتگیری دەكات لە زیادکردنی بەرهەمی غاز بە ڕێژەی 50% بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا لە پێناو دابینکردنى خواستى ڕو لە زیادبو بۆ غازی سروشتی کە سوتەمەنیەکى پاکە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و پیشەسازی لە هەرێمى کوردستانى عێراق، کۆی تێچوی پرۆژەکە 630 ملیۆن دۆلارەو ئەو پارەدانەی كە ماوەتەوە لە ڕێگەی دامەزراوەی بانکی هەرێمی و بەڵێندەری ئەندازە و کڕین و بنیاتنان “EPC”ە وە دابین كراوە
ئەوەش خراوەتەڕو، پڕۆژەی KM-250 یەکەم قۆناغی پرۆژەی فراوانکردنی دو هێڵى بەرهەمهێنانە لە کورمۆر، جگە لە هەڵکەندنی بیرەنوێکان، کە ئامانج لێى بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانە بۆ گەیشتن بەیەك ملیار پێ سێجا لە ڕۆژێکدا، کارەکان لە مانگی نیسانی 2021 دەستیانپێکردەوە دوای ئەوەی ساڵی ڕابردو بەهۆی پەتاى کۆرۆناوە ڕاگیرابون و لە ئێستادا لە بوارى جێبەجێکردندان بە ئامانجى تە واوبون تا مانگی نیسانی 2023.
بەپێی راگەیەندراوەکەی کۆمپانیای دانەغاز، کۆی وەبەرهێنانى پێرڵ پترۆلیۆم لە کۆرمۆر تا ئەمڕۆ 2.1 ملیار دۆلار تێپەڕدەکات لەگەڵ کۆی بەرهەمی کەڵەکە بو بە بڕى زیاتر لە 341 ملیۆن بەرمیل هاوتاى نەوت لە غازى سروشتى و شلەكان.
رونیشکراوەتەوە، دابینکردنی بەردەوامى غاز بێپچڕان بۆ وێستگەکانی کارەبا لە هەولێر و چەمچەماڵ و بازیان بوەتەهۆی پاشەکەوتکردنى تێچونی سوتەمەنی بە رێژەیەکى زۆر و قازانجێکى گەورەى ئابوری بە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی گەیاندوە.
هەروەها دەڵێت، غازى بەرهەمهاتو تا ئێستا توانیویەتى ڕێ لە بڵاوبونەوەى زیاتر لە 42 ملیۆن تۆن غازى دوانۆکسیدى کاربۆن بگرێت لە سایەى بەرکارهێنانى غازی سروشتی لە برى گازوایل وەک سوتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمى کوردستانى عێراق، ئەمەش ڕۆڵێکى بەرچاوى گێڕا لە چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوای جیهانی، لەو ڕێگەیەوە بەشدارییەکی گەورە دەکات بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبونەوەی گازی ژەهراوی و پیسبونی هەوای ناوخۆیی لە هەرێمى کوردستان و هەروەها پشتگیری گۆڕین دەکات بۆ سەرچاوەی وزە ى باشتر بۆ ڕوبەڕوبونەوەى گۆڕانی کە شوهەوای جیهانی.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتوە، هەروەها لە نێوان ساڵانی 2018 و 2021دا، وێستگەى غازی کورمۆر سودی وەرگرت لەزیادبونى بەرهەمهێنان بەڕێژەى 45% لە ڕێگەی باشترکردنی دەزگاگە، بەوەش کۆی بەرهەمهێنانی گەیشتە 106 هەزار بەرمی لهاوتاى نەوت لە ڕۆژێکدا، کۆمپانیاکە ئەمڕۆ گەورەترین ئۆپەراسیۆنی کەرتى تایبەتى بەرهەمهێنانى غازە لە ناوچەکە و عێراق.
مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیای کرێسنت پترۆلیۆم و ئەندامى دەستەی کارگێڕى (بۆردى) کۆمپانیاى دانە غاز لە لێدوانێکدا رایگەیاند، “ئەم رێککەوتنە داراییە لەگەڵ DFC جەخت لە گرنگی پەرەپێدانی سەرچاوەکانی غازی سروشتى لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە لە پێناو پشتگیریکردنى گەشەى ئابورى هەرێمەکە، سەرەڕای ئەو بەرەنگارییە جیهانیانەی کە بەهۆى پەتاى کۆرۆناوە دوچارمان دەبێـتەوە، ئێمە بەردەوام بوین لە پاراستنی تۆماری کارە نەپچڕاوەکانمان و تەنانەت توانیومانە بڕى بەرهەمهێنانیش زیاد بکەین، ڕێککەوتنى DFC تۆماری سەرکەوتنمان دەسەلمێنێت و زیاتر تیشک دەخاتە سەر توانای ئەم سەرچاوانە و داهاتوە گەشەکەی هەرێمى کوردستانى عێراق”.
دکتۆر پاتریک ئەلمان وارد، بەڕێوەبەری جێبەجێکارى کۆمپانیای دانە غاز ڕایگەیاند، “لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە پێرل پترۆلیۆم بەخۆشحاڵیەوە ڕایدەگەیەنین کە زیاتر پەرە بە کەرتی غازی هەرێمی کوردستانی عێراق دەدەین لە پێناو دابینکردنی بڕێکى زیاتر لە وزەى پاکو پشتیوانیکردنمانە لە گەشەپێدانی ئابوری ناوخۆ، ئەم رێککەوتنە دوپاتکردنەوەیە کە بۆ متمانەی بەردەواممان بە هەرێم و گە شەسەندنە درێژخایەنەکانی”.
دیڤ جەگادیسان، بەڕێوەبەری گشتی DFC بەوەكالەت ڕایگەیاند، “وەبەرهێنانی DFC لە پرۆژەی فراوانکردنی کۆرمۆر بەشێوەیەکی بەرچاو دەبێتە هۆی زیادکردنی دەستگەیشتن بەوزە بۆ خەڵک لە سەرانسەری هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەم پرۆژە زۆر گەشەسەندوە نوێنەرایەتی بەردەوامی وەبەرهێنانی ویلایەتە یەکگرتوەکان دەکات لە هەرێمى کوردستانى عێراق”.
لە نیسانى ساڵى 2007 دانەغاز و کرێسنت پترۆلیۆم گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتى هەرێم واژۆکرد بۆ بەدەستهێنانى مافى تایبەت بە قەباڵندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بە بازاڕکردن و فرۆشتنى بەرهەمە نەوتیەکان لە هەردو وێستگەى کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمى کوردستانى عێراق.
بەرهەمهێنانى غاز لە وێستگەیەکی تازە دروستکراو دواى تێپەڕبونى 15 مانگ، لە ئۆکتۆبەرى 2008 لە کۆرمۆر دەستیپێکرد، کە ئەمەش ریکۆردێکی پێوانەییە لەو پیشەسازیە، لە ساڵی 2009 کۆنسۆرتیۆمی پێرڵ پتۆرۆلیۆم پێکهێنرا لە لایەن هەریەکە لە دانەغاز و کرێسنت پترۆلیۆم وەک پشکداری سەرەکی و هەریەک لە OMW و MOL ە RWE بەڕێژەی 10%.
لە راگەیەندراوەکەی کۆمپانیای دانەغازدا هاتوە، ژمارەی ستافی هەمیشەیی کە بەردەوام لە پڕۆژەکەدا کاردەکەن لە 500 کەس زیاترە و 85%یان خۆماڵین لە نێویاندا پۆستی باڵای تێدایە، هەروەها کۆمپانیاکان پڕۆژە و بەرنامەی کۆمەڵایەتییان جێبەجێ کردوە، بۆ هاوکاریکردنی کۆمەڵگە بۆ روبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنا بە دابینکردنی ئامێری هەناسەدان و پاکژکەرەوە و کەلوپەلی خۆپاراستن، هەروەها پابەندبون بە بەخشینی 100 هەزار قورچک ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ دانیشتوانی ئەو دەڤەرە، ئەمە جگە لە پاڵپشتیکردنی بەردەوامی کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی و دابینکردنی کارەبا و هاوکاری تری مرۆیی بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی شەڕو ململانێوە ئاوارەبون و هەروەها منداڵانی بێ دایک و باوک، ئەم دەستپێشخەریانە پاڵپشتی خەڵکی ناوچەکە دەکات بۆ باشترکردنی گوزەرانیان لەروی تەندروستی و خۆشگوزەرانی و ئاسایش و سەقامگیری و بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتی تاکە کەس.