داهاتی نه‌وتی هه‌رێم کوردستان له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا بڵاوكرایه‌وه‌

لە چوارچێوەی پرۆسەی وردبینی سەربەخۆیی کەرتی نەوت و گاز، وەک بەشێک لە دەستپێشخەری تایبەت بە شەفافییەت لە بەرنامەی کاری ئەنجوومەنی وەزیران، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، راپۆرتی پشتڕاستکراوی تایبەت بە داتا و زانیاریی نوێ دەربارەی هەناردەكردن، بەكاربردن و خەرجی و داهاتەكانی نەوت لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە ماڵپەڕی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوكرایەوە و به‌و پێیه‌ له‌ ٤,١ ملیار دۆلار داهاتی فرۆشی نەوت، حكوومه‌ت ١,٧٣٧ ملیار دۆلاری بۆ ماوه‌ته‌وه‌.

راپۆرتەکە، شیکردنەوەیەکی چارەکە ساڵانە پێشکەش دەکات دەربارەی زانیارییەکانی هەناردەکردنی نەوت و رێژەی نرخەکان و لەلایەن کۆمپانیای دیلۆیت-ی وردبینیی نێودەوڵەتییەوە ئەنجام دراوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ٧٧,٣٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رێگای بۆری، هەناردەی دەرەوە کردووە. هەروەها ٣,٩٥ ملیۆن بەرمیل بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان تەرخان کراوە. ٧٦,٨٦٩ ملیۆن بەرمیل لە نەوتی خاوی هەناردەکراو گواستراوەتەوە لەلایەن فرۆشیارانەوە لەڕێگه‌ی بەندەری جەیهان بە تێکڕای نرخی ٥٣,٤٤٦ دۆلار بۆ یەک بەرمیل.

هەر بەپێی راپۆرتەکە، لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ٤,١ ملیار دۆلار داهاتی فرۆشی هەناردەکراوی نەوتی خاوی بەدەستهێناوە. لە دوای دانەوەی شایستەکانی مانگانەی بەرهەمهێنەرانی نەوت و بەکاربەرانی بۆرییەکان و کڕیاران، ١,٧٣٧ ملیار دۆلاری وەک سافیی داهاتەکانی نەوتی خاوی بۆ مایەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بە بەردەوامیی راپۆرتەکانی وردبینیکردنی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستکراوە لەلایەن کۆمپانیای دیلۆیت-ەوە بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە، و لە ساڵی (٢٠١٩)ەشەوە داتا و زانیاری پێشکەش کردووە لەبارەی رەسیدی پێشەکیدراو بە هەرێمی کوردستان کە قەرزاری کڕیارەکانی نەوتە. لە ساڵی ٢٠٢٠دا ئاشکراکردنی زانیارییەکان فراوان کران و هاوتاکردنی داتاکانی نێوان بەرهەمهێنان و هەناردەکان و بەکاربردنی ناوخۆشی گرتووەتەوە.

By ubnt

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *