وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند لە مانگی تەمووزی رابردوودا، ١٠٢ ملیۆن و ٣٨٥ ھەزار و ٤٩ بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە کە کۆی گشتیی داھاتەکەی گەیشتووەتە، ١٠ ملیار و ٦٠٨ ملیۆن دۆلار.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پشت بەستن بە ئامارێکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO)، بڕ و داھاتی فرۆشی نەوتی بۆ مانگی تەمووزی رابردوو بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، تیکڕای نەوتی ھەناردەکراو لە مانگی تەمووزی رابردوودا، ١٠٢ ملیۆن و ٣٨٥ ھەزار و ٤٩ بەرمیل بووە کە کۆی گشتیی داھاتەکەی گەیشتووەتە، ١٠ ملیار و ٦٠٨ ملیۆن دۆلار.
باسی لەوەیش کردووە کە لە مانگی تەمووزی رابردوودا، بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ٩٩ ملیۆن و ٩٦٥ ھەزار و ٤٩ بەرمیل بووە و بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کەرکووک لەڕێگای بەندەری جەیھانی تورکیاوە، گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٣٤٤ ھەزار و ٥٣٦ بەرمیل.
ئاماژە بەوەیش دراوە کە لە مانگی رابردوودا، رۆژانە تێکڕا سێ ملیۆن و ٣٠٣ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ھەروەھا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە مانگی تەمووزی رابردوودا، یەک بەرمیل نەوت تێکڕا بە ١٠٣ دۆلار و ٦٠ سەنت فرۆشراوە.