دراما مەترسیدارەکە ژمارەیەکی پێوانەیی تۆماردەکات

زجیرە درامای (Squid Game) وێڕای ئەوەی بەرهەمێکی مەترسیدارە و لە چەند یارییەکی بکوژ و خوێناوی پێکهاتوە، بەڵام لە زۆرترین بینەرەکاندا ژمارەی پێوانەیی بەراورد بە هەمو زنجیرە دراماکانی دیکەی نێتفلێکس، بەناوی خۆیەوە تۆمارکردوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەری سکای نیوزی بەریتانی، لەدوای 28 ڕۆژ لە پەخشکردنی زنجیرە درامای (Squid Game) زیاتر لە 111 ملیۆن بینەری هەبوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەکی پێوانەیی بەناوی خۆیەوە تۆمارکردوە.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کردوە لە پێشتردا ئەو ژمارە پێوانەییە بەناوی درامای (بریدگیرتۆن)ی ئەمریکییەوە بوە کە لە مانگی یەکەمی پەخشکردنیدا لە نێتفلێکس، 82 ملیۆن بینەری هەبوە.

زنجیرە دراماکەی (Squid Game) لە ئێستادا یەک وەرزی بەرهەمهاتوە و لە نۆ ئەڵقە پێکهاتوە، وەک یەکێک لە شاکارەکانی کۆریای باشور تەماشا دەکرێت و لە جیهاندا بینەرێکی زۆری لە خۆی کۆکردوەتەوە، باس لە ڕێکخراوێکی نایاسایی دەکات و لەڕێگەی پارەیەکی خەیاڵییەوە سەدان کەس لە خۆی کۆدەکاتەوە و بۆ گرەوکردن لەسەر یارییە مەترسیدارەکان بڕە پارەی خەیاڵی دەخاتە بەردەمیان.

ئەوەی لە زنجیرە فیلمەکەدا تیشکی زۆری لەسەرە کارەکتەرێکە کە ڕۆڵی پیاوێکی تەمەن 40 ساڵ دەبینێت و بەهۆی قەرزاری و هەمو ئەو مەرگەساتانەی بەسەرخۆیدا هێناویەتی، هاوسەر و منداڵەکەی لەدەستداوە و لەڕێگەی کارکردنی دایکە بەتەمەنەکەیەوە قوتی ڕۆژانەی دەستدەکەوێت، دواتر تێکەڵی ئەو یارییە دەبێت کە گرەوکردنە لەسەر مەرگ و ژیان.

لەو درامایەدا 455 کەس بەشداری ڕکابەرییەکانی یارییەکان دەکەن و هەرکەسێک بدۆڕیت دەستبەجێ دەکوژرێت، بە واتایەکی دیکە کەسی بەشداربوی نێو دراماکە یان براوە دەبێت یان دەکوژرێت، ڕۆڵەکان بەجۆرێکە کە ڕێگەی سێیەمی تیادا نییە.

لەلایەکی دیکەوە ماڵپەری (سی ئێن ئێن)ی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردوە کە درامای (Squid Game) تاکە درامایە لە 94 وڵاتی جیاوازەوە لە نێتفلێکسەوە تەماشا دەکرێت، تاکە زنجیرە درامای کۆریای باشورە لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەو هەمو بینەرەی هەبێت.

ئەوەی لەنێو (Squid Game) دەبیندرێت زیاتر ڕۆڵی توندوتیژی و شەڕ و کوشتار و بەریککەوتنی خوێناوییە، هەربۆیە تەماشاکردنی لەلایەن منداڵان و مێردمنداڵانەوە کاریگەریی نەرێنی دروستدەکات و ئەگەری ئەوەی هەیە هەمان ئەو سیناریۆ و ئاڵنگارییە خوێناویانە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا دوبارە بکەنەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەری ئیندیپێندتی بەریتانی، مامۆستایانی خوێندنگەی (جۆن برامستۆن) کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی لەندەنی پایتەختەوە، نامەیەکی دورودرێژیان بۆ دایک و باوکی خوێندکارەکان ناردوە و داوایان لێکردون ڕێگریی لە منداڵەکانیان بکەن بۆ ئەوەی تەماشای زنجیرە درامای (Squid Game) نەکەن، لەبەرئەوەی کاتێک سەرنجیان داون هەمان ئەو ڕەفتارانە دوبارە دەکەنەوە کە لەنێو ئەڵقەکەدا بەرجەستە دەکرێت، هەربۆیە ئەگەری هەیە ڕۆڵی مەترسیدارتری نێو ئەڵقەکە بهێننە نێو ژیانە ڕاستەقینەکەی خۆیانەوە.

By ubnt

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *