درێژترین پردی ھەرێمی کوردستان لەسەر زێی گەورە کرایەوە

پڕۆژەی دووسایدی پردی زێی گەورە بەشێوەیەکی فەرمی کرایەوە و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستانیش رایدەگەیەنێت؛ رێگاوبان گرنگترین سێکتەری ژێرخانی ئابوورییە و حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە مەبەستیانە ھاتوچۆ و رێگایەکی سەلامەت بۆ ھاووڵاتییان دابین بکەن.

بەگوێرەی راگەیەندراوێک کە لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، بەئامادەبونی دانا عەبدولکەریم و پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو و جێگری پارێزگاری دھۆک و بریکارانی وەزارەت و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و راوێژکارانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی، بەشێوەیەکی فەرمی پڕۆژەی دووسایدی پردی زێی گەورە لەسەر رێگای نێوان ھەولێر و دھۆک کرایەوە.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵی خۆی بە کردنەوەی ئەم پڕۆژەیە دەربڕی و رایگەیاند؛ “پڕۆژەی دووسایدی پردی زێی گەورە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و ھەردوو پارێزگای خۆشەویستی ھەولێر و دھۆک و لەرێی ئەوانیشەوە ھەموو ھەرێمی کوردستان پێکەوە دەبەستێتەوە، کە رەنگدانەوەیەکی ئەرێنی دەبێت لەبواری ھاتوچۆی سەلامەت و ھەروەھا لەروی ئابووری و بازرگانی و گواستنەوەی کاڵا و کەلوپەل و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

دانا عەبدولکەریم ئاماژەی بەوەشکرد، رێگاوبان گرنگترین سێکتەری ژێرخانی ئابوورییەو بۆ ئەو مەبەستەش، حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە مەبەستیانە ھاتوچۆ و رێگایەکی سەلامەت و ستاندارد بۆ ھاتوچۆی ھاووڵاتییان لەنێوان پارێزگاکاندا فەراھەم بکات.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان سوپاسی ئەندازیاران و سەرپەرشتیار و کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکەی کرد و جەختی کردەوە، ھەرێمی کوردستان خاوەنی سەرمایەیەکی گەورەی مرۆیی و ئابوورییە، بەیەکگرتویی و پێکەوە دەتوانین ھەرێمی کوردستان ببەینە قۆناغێکی گەشەسەندووتر و ئومێدەوارین بتوانین لە داھاتوودا پڕۆژەکانی دیکەی وەزارەتیش تەواو بکەین و بەڕووی ھاووڵاتییاندا بیکەینەوە.

پڕۆژەکە لەچوارچێوەی کارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنە و پێکھاتووە لە پردێک بە درێژی (٩٢٨) مەتر کە تێچووەکەی زیاتر لە ٤٣ ملیار دینارە و دەکەوێتە نێوان ھەولێر و دھۆک بە هەردوو ئاراسته‌ی چوون و هاتن و پانیی هه‌ر ئاراسته‌یه‌كیش ١٥ مه‌تره‌. پرۆژەکە یەکێکە لە رێگا ستراتیژییەکانی ھەرێمی کوردستان و پردەکەیش رێگه‌ی دوو كاتژمێری نێوان ھەولێر و دھۆکی كردووه‌ته‌ كاتژمێرێک و ٢٠ خوله‌ک.

By ubnt

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *