د. جووتیار عادل بۆ رووداو: بەغدا 200 ملیارەکە دەنێرێت و بەبێ لێبڕین مووچە دابەشدەکرێت

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، دڵنیایی هەیە بەغدا 200 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. دەشڵێت: بەبێ لێبڕین و لە ماوەی هەفتەیەکدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دابەشدەکرێت.  د.جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “لە دوو رۆژی داهاتوودا بڕیارە بەغدا 200 ملیار دینار بۆ هەولێر بنێرێت، لە 25ی مانگەوە مووچە بە تەواوی دەدرێت و لە ماوەی هەفتەیەکدا دابەشکردن تەواو دەکرێت.” گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەولەویەتی حکومەت دابینکردنی مووچەی تەواوە بۆ خەڵک هاوکات خزمەتگوزاری و ئاو کارەباش لە سەرەکیترین ئامانجەکانی حکومەتن. د. جووتیار عادل ئاماژە بەوە دەدات، دڵنیایی هەیە بەغدا ئەو 200 ملیار دینارە بنێرێت، لەگەڵ داهاتی ناوخۆدا وا رێکخراوە مووچەی بە تەواوی پێ بدرێت.  بە دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگە بەبێ لێبڕین، دەبێتە دووەم مانگ کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ لێبڕین مووچە دابەش بکات، ئەمەش دوای ئەوەی لەگەڵ حکومەتی مستەفا کازمی رێککەوتن کرا بۆ مووچە مانگانە بەغدا بڕێک پارە بنێرێت تاوەکو ئەو رێککەوتنەی لە نێوان هەولێر و بەغدا لە بودجەدا کراوە بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.  15ی حوزەیران وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، ئەویش دوای وردبینیکردن لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. 11-07-2021 وەزارەتی دارایی رایگەیاند، پارەکە گەیشتووەتە سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان. بەپێی یسای بودجەی 2021، 12.67٪ـی زیاتر لە 130 تریلیۆن دینارەکەی بودجەی عێراق، پشکی هەرێمی کوردستانە. هەولێر و بەغدا سەرەڕای پابەندییان بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە، لەسەر ناردنی مانگانە 200 ملیار دیناری بڕیارلێدراو کۆکن. د.بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رۆژی 01-08-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق رەزامەندی دەربڕی بۆئەوەی بۆ ئەم مانگەش بڕی 200 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. هەروەها رۆژی 14ی ئەم مانگە فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەکۆی دەنگ بڕياردراوە کە بۆ ئەم مانگە 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت. بڕیاریشە 25-08-2021 پارەکە لەڕێگەی بانکەکانەوە لە بەغداوە بگاتە هەرێمی کوردستان.

By ئابوري نيوز

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *