کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی یوڤێنتوس بەتەواوی لە رۆیشتن لە یانەکە و پەیوەندیکردن بە یانەی مانچێستەر سیتی نزیکبووەتەوە.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیتاڵیا و بەریتانیا، بە فراوانی رووماڵی دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە رۆناڵدۆ دەکەن و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە رۆناڵدۆ خۆی داوای رۆیشتنی لە یانەکە کردووە و خۆرخی مێندێزی بەڕێوەبەری کارەکانیشی لە تۆرینۆیە بۆ تەواوکردنی کارەکانی گرێبەستەکە.
رۆناڵدۆ لە یاریی داهاتووی یوڤێنتوسدا کە رۆژی شەممە بەرامبەر ئیمپۆلی یارییدەکات، زەحمەت بەشداری بکات و ئەگەری هەیە بەر لەو یارییە یاریزانەکە لە بیانکۆنێری بڕوات.
بەپێی میدیای ئیتاڵیا، مانچێستەر سیتی ئەمڕۆ هەینی دەستەوارەیەک بەرامبەر 30 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی رۆناڵدۆ پێشکێشی یوڤێنتوس دەکات، خۆرخی مێندێزیش بۆ گەیاندنی ئەو دەستەوارەیە بە یانە ئیتاڵییەکە گەڕاوەتەوە تۆرینۆ و یوڤێنتوسیش دەستەوارەکە قبوڵ دەکات.
رۆژی پێنجشەممە خۆرخی مێندێز، سەرەتا چووە تۆرینۆ بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی یانەی یوڤێنتوس بکات، دواتر چووە پاریس بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان، بەڵام ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەیپاریس سانجێرمان دووپاتیکردەوە کە ئەوان گرنگی بە گواستنەوەی رۆناڵدۆ نادەن، بۆیە دەکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داهاتووی یاریزانێکی دیکە مێندێز سەردانی یانەی پاریس سانجێرمانی کردبێت، لەکاتێکدا بەڕێوەبەری کارەکانی چەندین یاریزانە لە جیهاندا.
سەرەتا میدیای بەریتانیا ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو، کە یانەی مانچێستەر سیتی ئامادەنییە هیچ پارەیەک بە گواستنەوەی رۆناڵدۆ بدات، یانەی یوڤێنتوس لە بەرامبەر ئەو یاریزانەدا داوای گابریێل جیسوسی دەکرد، بەڵام گواردیۆلا ئامادەنییە دەستبەرداری جیسوس ببێت، بۆیە پێشهاتەکان بۆ ئەوەن کە مان سیتی ئەمڕۆ دەستەوارەکەی پێشکێشدەکات.
چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، رۆناڵدۆ کەلوپەلەکانی لە یوڤێنتوس کۆکردووەتەوە، قۆناخی ئەو یاریزانە لەگەڵ ئەو یانەیە کۆتاییهات و ماڵئاوایی لە هاوڕێکانی کردووە.
گرێبەستی رۆناڵدۆ لە مانچێستەر سیتی بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت و تاوەکو 2023 دەچێتە ئەو یانەیە، مووچەی یاریزانەکەش لەنێوان 15 بۆ 20 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
لە بەرامبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆدا، ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری یانەی یوڤێنتوس داوای بێرناردۆ سیلڤای کرد، بەڵام ئەو یاریزانە نایەوێت بچێتە ئیتاڵیا و ویستی یارییکردنی لە ئیسپانیای هەیە.
گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یانەی مانچێستەر سیتی چەند وردەکارییەکی کەمی ماوە و ئەگەری هەیە لە چەند کاژێری داهاتوودا، گۆڕانکاری گەورە لەبارەی راگەیاندنی گرێبەستەکەوە رووبدەن.