برزۆ زیاد، به‌ڕێوه‌به‌ری خانووبه‌ری راگه‌یاند، رێنمایی بۆ تاپۆكردنی خانووه زێده‌ڕۆكان ده‌رچووه و ئه‌و لیژنه‌یه‌ی خه‌مڵاندن بۆ خانووه‌كان ده‌كات، ده‌ستبه‌كار بووه.
زه‌ید محه‌مه‌د گوتی: “دوای هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی، رێنماییه‌ك ده‌رچووه، به‌پێی ئه‌و رێنماییه، كه 22 خاڵه، ئاسانكاری كراوه بۆ جێبه‌جێكردنی یاساكه، كۆمه‌ڵێك مه‌رج بۆ ئه‌و خانووانه‌ی بڕیاری تاپۆكردن ده‌یانگرێته‌وه ده‌رچووه، باسی ئه‌وه‌ش كراوه، كه ئه‌وانه‌ی به گوێره‌ی یاساكه ده‌توانن لێی سوودمه‌ند بن”.
گوتیشی: “له رێنماییه‌كه باس له بڕی خه‌مڵاندنه‌كان و درووستكردنی لیژنه‌كان و ئه‌و رووبه‌رانه‌ی كه بڕیاره‌كه ده‌یانگرێته‌وه، كاری له‌سه‌ر كراوه، یه‌كێك له‌و رێنماییانه، ده‌بێت تاپۆكردنه بۆ ئه‌و خانووانه بێت، كه له‌سنووری شاره‌وانی درووستكرابێت و بۆ نیشته‌جێبوون به‌كاربێت و له‌سه‌ر موڵكی ده‌وڵه‌ت درووستكرابێت”.
به‌ڕێوه‌به‌ری خانووبه‌ری میری ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌و خانووه زێده‌ڕۆیه تاپۆ ناكرێت، كه بۆ ئاژه‌ڵه و په‌له‌وه‌ر درووست كرابێت، یان بادلۆ و هه‌یكه‌لی به‌تاڵ بێت، یان شوقه‌ی نیشته‌جێبوون بێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و كه‌سه‌ی بۆ تاپۆكردنی خانووه‌كه‌ی داواكاری پێشكه‌ش ده‌كات، ده‌بێت ره‌گه‌زنامه‌ی عێراق هه‌بێت و ته‌مه‌نی یاسایی ته‌واو كردبێت، كه 18 ساڵه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌بێت خێزاندار بێت.
برزۆ زیاد روونیكرده‌وه، هه‌ندێك خانووی سه‌رپێچی هه‌یه، كه له‌گه‌ڵ نه‌خشه ناگونجێت، بۆ نموونه خانووه‌كه له‌سه‌ر شوێنی سه‌وزایی درووست كراوه، یان رێگه‌ی گشتییه، یان شوێنێكی گشتییه، ئه‌وانه تاپۆ ناكرێن، به‌ڵكو قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه و له سنووری شاره‌وانی خۆی زه‌وییه‌كی 200 مه‌تریان پێده‌رێت.
روونیشكرده‌وه، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر بۆ دابینكردنی ژماره‌یه‌ك پارچه زه‌وی هه‌ماهه‌نگیمان كردووه، ئه‌وانیش زه‌ویان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخانكردووه و ئێمه‌ش قه‌ره‌بووی ئه‌وانه ده‌كه‌ینه‌وه، كه به گوێره‌ی رێنماییه‌كه خانووه‌كانیان تاپۆ ناكرێت و له‌بری ئه‌وه زه‌ویان وه‌رده‌گرن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش زه‌وییه‌كه بێ به‌رامبه‌ر پێیان ده‌درێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری خانووبه‌ری میری راشیگه‌یاند، هه‌رچه‌نده ماوه‌ی ساڵێك دانراوه بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتیان داواكاری بۆ تاپۆكردنی خانووه‌كانیان پێشكه‌ش بكه‌ن، به‌ڵام ئێستا 7 مانگ ماوه و به‌و شێوه‌یه‌ی پێشبینیمان ده‌كرد، خه‌ڵك داواكاری پێشكه‌ش نه‌كردووه، ماوه‌كه به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت.