زێلێنسکی لە یەکەم گەشتی دەرەوەی وڵاتەکەی لە دوای دەستپێکردنی شەڕی وڵاتەکەیەوە سەردانی واشنتۆن دەکات

میدیاکانی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا سەردانی واشنتۆن دەکات، لە یەکەم گەشتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا، دوای ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە ٢٤ی شوبات هێرشیان کردە سەر وڵاتەکەی.

میدیاکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، زێلنسکی سەردانی کۆشکی سپی دەکات، کە جۆ بایدن سەرۆک کۆمار بەنیازە بۆ یەکەمجار پاکێجێکی نوێی چەک بۆ کیێڤ ڕابگەیەنێت کە مووشەکی پاتریۆت لەخۆدەگرێت، ئاماژەشیان بەوە کردووە کە ڕەنگە سەرۆکی ئۆکرانیا وتارێکیش پێشکەش بە کۆنگرێسی ئەمریکا بکات.

لای خۆیەوە نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە نامەیەکی ئاراستەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرد و داوای لێکردن بەشداری “بە ئامادەبوون” لە دانیشتنێکدا بکەن کە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بەڕێوەدەچێت، بەبێ ئەوەی سروشتی ئەم دانیشتنە ئاشکرا بکات .

پیلۆسی لە نامەکەیدا بۆ ئەنجومەنی نوێنەران نووسیویەتی “تکایە ئێوارەی چوارشەممە وەرن بۆ دانیشتنێک کە تیایدا گرنگییەکی تایبەت لەسەر دیموکراسی دەبێت”.

کۆنگرێس ئامادەکاری دەکات بۆ پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی دەوڵەتی فیدراڵی، کە یارمەتییە نوێیەکانی ئۆکرانیا لەخۆدەگرێت کە بڕی ٤٤.٩ ملیار دۆلارە.

وە مووشەکەکانی پاتریۆت کە واشنتۆن بە نیازە بیدات بە کیێڤ، لە ساڵانی ڕابردوودا تواناکانی خۆیان بە قەبارەیەکی بەرفراوان لە عێراق و کەنداو سەلماندووە و توانایان هەیە بە توندی کاریگەریی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کەم بکەنەوە.

لەوەتەی هێزەکانی ڕووسیا دە مانگ لەمەوبەر دەستیان بە هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی کردووە، زێلێنسکی هەرگیز خاکی ئۆکرانیای بەجێنەهێشتووە و هەموو کاتەکانی بۆ سەرکردایەتیکردنی هەوڵەکانی جەنگ و هەماهەنگی چالاکییە سیاسی و دیپلۆماسی و مرۆییەکان تەرخانکردووە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە، زێلێنسکی لەگەڵ سەرکردەکانی زۆر وڵات قسەی کردووە و قسەی بۆ ئەندامانی پەرلەمان لە سەرانسەری جیهان کردووە، بەڵام هەموو ئەو گفتوگۆیانە هەمووی لە ڕێگەی ڤیدیۆ یان تەلەفۆنەوە ئەنجام دراون.

سەردانەکەی بۆ واشنتۆن، دانپێدانانە بەو ڕۆڵە پێشەنگانەی کە ئەمریکا دەیگێڕێت بۆ ئەوەی وڵاتەکەی بتوانێت ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕووسیا ببێتەوە.

By ubnt