سکرتێری گشتی نوێی “ئۆپێک”: هاوسەنگی بازاڕەکانی نەوت دەپارێزین

سکرتێری گشتی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، کوەیتی هيثم ئەلغەیس دووپاتیکردەوە کە لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەکە کاردەکەن بۆ پاراستنی هاوسەنگی و سەقامگیری بازاڕەکانی نەوت.

هيثم ئەلغەیس کە سبەی دووشەممە لە پۆستە نوێیەکەیدا دەست بە کارەکانی دەکات و لە شوێنی محەممەد بارکیندۆی نەیجیری کۆچکردوو دەگرێتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی کوەیت (کونە) رایگەیاند: ” ئاوات و بیرۆکەم هەیە کە دەیخەمەڕوو”. بە هەماهەنگی لەگەڵ هەموو وڵاتانی ئەندام بە ئامانجی پێشخستنی ڕێکخراوەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی داهاتوو.” .

هيثم ئەلغەیس ڕوونیکردەوە کە پشتگیریکردنی لەلایەن 13 وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوەکەوە “ئەنجامی هەوڵە زۆر و ماندوونەناسەکانی محەمەد ئەلفاریس وەزیری نەوتی کوێت بووە”.

وە ئاماژەی بەوەدا کە هەڵبژاردنی ئەو بۆ پڕکردنەوەی ئەم پۆستە گرنگە ڕەنگدانەوەی پێگەی بەناوبانگی دەوڵەتی کوێتە لەناو (ئۆپێک)دا، ئاواتی خۆی بۆ پێشکەوتن و گەشەپێدانی ڕێکخراوەکە دەربڕیوە.

ئەلغەیس بۆ ماوەی سێ ساڵ ئەرکی پۆستەکەی دەگرێتە ئەستۆ، دوای ئەوەی لە سێیەمی ژانویەی ڕابردوودا وەک کاندیدی دەوڵەتی کوەیت بۆ ئەم پۆستە پێشنیارکرا، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی وەزاریدا کە لە دوورەوە بەڕێوەچوو.

telegram

By ئابوري نيوز