سیناتۆرێكی ئەمریکی هەڕەشەی جیاکردنەوەی ویلایەتی تێکساس دەکات

سیناتۆرێكی ئەمریکی، کە سەر بە پارتی کۆماری ئەمریکایە، هەڕەشەی جیاکردنەوەی ویلایەتی تێکساس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات و دەڵێت: “ئەگەر دیموکراتەکان ئەمریکا وێران بکەن، ئەو کارە دەکەین”. تێد کرۆز، ئەندامی کۆماریی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لەسەر ویلایەتی تێکساس رایگەیاند: “ئەگەر دیموکراتەکان بە تەواوەتی وڵاتیان پەکخست و لەناوبرد و سیستەمی دادگای باڵای وڵاتیان گۆڕی و واشنتن دی سی پایتەختیان کردە ویلایەت و گۆڕانکاری ریشەییان لە سیستەمی دەنگداندا کرد بە جۆرێك کە رێگە بە ساختەکاری زیاتر بدات، ئەوا تێکساس لە ئەمریکا جیادەبێتەوە”. ئاژانسی ناسا بۆ زانستی بۆشایی ئاسمان، بەشێکی زۆری سوپای ئەمریکا و پیشەسازیی نەوت دەکەونە ویلایەتی تێکساس.  کرۆز دەڵێت هەرچەندە ئەو ئەمریکای خۆشدەوێت و پێشیوایە کە کاتی جیابوونەوەی ویلایەتەکەی لەو وڵاتە نەهاتووە، بەڵام هاوکات جەختیشی لە گرنگی ئەو هەنگاوە کردەوە ئەگەر هات و دیموکراتەکان گۆڕانکاری ریشەیی لەو وڵاتەدا بکەن و  گوتی: “لە ئەگەری جیابوونەوەی تێکساس ئەوا ئاژانسی ناسا بۆ زانستی بۆشایی ئاسمان، سوپای ئەمریکا و پیشەسازیی نەوت دەبێتە بەشێك لە خاوەنداریەتی ویلایەتی تێکساس”. کرۆز گوتیشی: “ویلایەتی تێکساس یەکێكە لە ویلایەتە گرنگەکانی ئەمریکا و بەرپرسیاریێتی پاراستنی بەها و کولتووری وڵاتی لەسەر شانە و بەبوونی تێکساس ئەمریکا لە رووخان و هەرەسهێنان دەپارێزرێت، ئەوە جگە لەو هێزە ئابوورییەی، کە بەو وڵاتەی دەبەخشێت. کرۆزی تەمەن 50 ساڵ لە 2013وە بە ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لەسەر ویلایەتی تێکساس هەڵبژێردراوە؛ کرۆز لە 2015دا خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا بەربژێرکرد و لە 2016دا بەشداری لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن کرد و دواجار لە بەرژەوەندی دۆناڵد ترەمپ کشایەوە

By ubnt

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *