سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم رەئیسی بەمەبەستی بەشدارییکردن لە کۆڕبەندی وڵاتانی ھەناردەکارانی غاز گەیشتە دۆحە پایتەختی قەتەر.
دوێنێ یەکشەممە، کۆڕبەندی وڵاتانی ھەناردەکارانی غاز لە دۆحە دەستی پێ کرد و تا رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە کە ئیبراھیم رەئیسی لە سەردانەکەی بۆ دۆحە پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات، ھەروەھا ژمارەیەک پرسی گرنگ کە جێگای بایەخ و گرنگی ھاوبەشن لەگەڵ میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی تاوتوێ دەکات.
شاندێکی باڵای ئێران کە ھەریەک لە وەزیری دەرەوە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان و وەزیری نەوت، جەواد ئاوجی و وەزیری رێگاوبان و شارسازیی، رۆستم قاسمی لەخۆدەگرێت، یاوەری ئیبراھیم رەئیسی دەکەن لە سەردانەکەی بۆ قەتەر.
چاوەڕوان دەکرێت، سەرکۆماری ئێران لە سەردانەکەی بۆ دۆحە، چاوی بکەوێت بە رەوەندی ئێرانی لە قەتەر، ھەروەھا بازرگانانی ئێران و قەتەر.
سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم رەئیسی لە دووەم رۆژی سەردانەکەی بۆ دۆحە، بەشداریی لە چالاکییەکانی شەشەم کۆڕبەندی وڵاتانی ھەناردەکارانی غاز (GECF) دەکات.
بەپێی کەناڵی فەرمی ئێران، ئیبراھیم رەئیسی لە میانی سەردانەکەی بۆ دۆحە، ژمارەیەک رێککەوتن لە بواری ئابوورییدا لەگەڵ قەتەرییەکان واژوو دەکات.
سەرکۆماری ئێران بەرلەوەی بەرەو دۆحە بەرێبکەوێت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی میھرئاباد لە تارانی پایتەخت بۆ رۆژنامەوانان دوا و رایگەیاند کە بۆ چەند ئامانجێک سەردانی قەتەر دەکات لەوانە کاراکردنی دیپلۆماسیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتیش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە ناوچەی کەنداو، ئەوەیش بە ئامانجی پتەوترکردنی پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکان، ھەروەھا پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئێران و قەتەر و بەشدارییکردن لە کۆڕبەندی وڵاتانی ھەناردەکارانی غاز.
ئیبراھیم رەئیسی راشیگەیاندبوو کە سەردانەکەی بۆ قەتەر، ھەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی بەرھەمھێنەر و ھەناردەکارانی غاز، ھەروەھا سوودوەگرتن لە تواناکان لە پێناو پەرەپێدان بە پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکان بەتایبەتیش لەگەڵ قەتەر.
کۆڕبەندی وڵاتانی ھەناردەکارانی غاز لە کانوونی یەکەمی ٢٠٠٨دا وەک رێکخراوێکی حکوومیی نێودەوڵەتیی دامەزرا و بارەگاکەیشی لە دۆحە پایتەختی قەتەرە.
ئەرکی رێکخراوەکە بریتییە لە دانانی چوارچێوەیەک بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی و زانیاریی و بەرزکردنەوەی ئاستیی ھاریکاریی و ھەماھەنگیی نێوان وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوەکە.
رێکخراوەکە لە چوارچێوەی ئامانجەکانی، ھەروەھا دەرفەتی سازکردنی گفتوگۆی بنیاتنەر لەنێوان بەرھەمھێنەرانی غاز و بەکارھێنەران بە ئامانجی بەدیھێنانی سەقامگیریی و ھاوسەنگیی لە بازاڕەکانی غازدا، دەرەخسێنێت.
ھەریەک لە وڵاتانی جەزائیر، بۆلیڤیا، میسر، گینی ئیستوائی، ئێران، لیبیا، نێجیریا، قەتەر، رووسیا، ترنیداد و تۆباگۆ، ڤێنیزوێلا ئەندامن لە رێکخراوی کۆڕبەندی وڵاتانی ھەناردەکارانی غاز.
هەریەک لە ئەنگۆلا، ئازەربایجان، مالیزیا، نەرویج، پێرو، عێراق و ئیمارات سیفەتی چاودێریان لە رێکخراوەکە پێبەخشراوە.