وەزارەتی دارایی چین، لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، داوای لە ئەمریکا کرد ڕێوشوێنی کردەیی و خێرا بگرێتەبەر بۆ وەڵامدانەوەی نیگەرانییە سەرەکییەکانی چین سەبارەت بە سزا ئابوورییەکانی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا و سەرکوتی ئابووریی ئەم دواییەی چین.

لەمبارەیەوە لە بەیاننامەی وەزارەتی داراییدا باس لەمانەی خوارەوە کراوە:
دەسەڵاتدارانی چین دیسانەوە نیگەرانی خۆیان لە بەرزکردنەوەی باج لەسەر چین لەلایەن ئەمریکاوە دووپاتکردەوە، هەروەها بانگەوازیان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە سەرکوتکردنی ئەمریکا لە دژی کۆمپانیا چینییەکان.
چین هەوڵەکانی پەرەپێدانی خۆی وەک دەرفەتێک دەبینێت نەک تەحەدایەک بۆ ئەمریکا، هەروەها وەک قازانجێک نەک مەترسی.
بەهێزکردنی هاوکاری نێوان چین و ئەمریکا بووەتە پێویستییەکی بەپەلە و واقیعی و هەڵبژاردنێکی دروستە بۆ هەردوو وڵات.
چین و ئەمەریکا ڕێکدەکەون لەسەر پاراستنی ئاڵوگۆڕ و پەیوەندییە ئاست بەرزەکان لەسەر هەموو ئاستەکانی ناوچەی ئابووری.