سەرکردەیەک لە رەوتی سەدر: بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بێ ئێمە دۆخەکە ئاڵۆز دەکات

سەرکردەیەکی رەوتی سەدر کە موقتەدا سەدر رێبەرایەتیی دەکات، دەڵێت، ئەگەر هەڵبژاردن بێ بەشداریی رەوتی سەدر بەڕێوەبچێت، ئەوا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت و حکومەتێکی بەهێز پێکناهێندرێت، ئەوکاتیش شەقام لە دەستی رەوتی سەدر دەبێت و دەتوانێ لە چەند رۆژێکدا حکومەت بگۆڕێت. عیسام حوسێن، سەرکردەی رەوتی سەدر ئەمڕۆ دووشەممە 23-8-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “هۆکاری سەرەکیی کشانەوەی رەوتی سەدر لە هەڵبژاردن خۆپێشاندانەکانی تشرین و لێکەوتەکانیەتی، لەگەڵ بەردەوامیی لایەنە سیاسییەکان لەسەر رێبازی پێشووی خۆیان. بۆیە بەگومانم لایەنە سیاسییەکان بیانەوێ هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بە تایبەت دوای ئەوەی ئەو لایەنانە جەماوەری خۆیان لە ناوەڕاست و باشوور لە دەستدا”. عیسام حوسێن گوتیشی: “ئێستا گەیشتووینەتە بنبەستی سیاسی و ئەو لایەنە سیاسییانەش ناتوانن سیاسەتێکی نوێ بۆ عێراق بەرهەمبهێنن؛ بۆیە ئەو حیزبانە پێشنیازی دواخستنی هەڵبژاردن دەکەن کە نایانەوێ هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت، چونکە جەماوەری خۆیان لە ناوەڕاست و باشوور لە دەستداوە. ئێستاش ئەو لایەنانە دەیانەوێ رێککەوتنێک بکەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن، لە کاتیکدا رەوتی سەدر بەهێزترین لایەنە و ئەگەر لە هەڵبژاردنیش بەشداربێت دووبارە پێشەنگی هەموو لایەنەکان دەبێت. مەرجەکانی رەوتی سەدر روونن، لەوانەش ئەنجامدانی چاکسازی لە سیستمی سیاسیی عێراق، بەڵام لایەنە سیاسییەکان هەوڵی پەنابردن بۆ هێزی هەرێمی دەدەن بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەگەریش ئەوە رووبدات رەنگە گرژی جەماوەریی لێبکەوێتەوە”. سەرکردەکەی رەوتی سەدر ئاماژەش دەکات: “هاوپەیمانییەکانی فەتح، دەوڵەتی یاسا و رەوتی حیکمە و فەزیلە بە دواکارییەکانی سەدر بۆ ئەنجامدانی چاکسازی رازی نابن. ئەوان تەنانەت ناتوانن پەڕەیەکی چاکسازیی پێشکێشی موقتەدا سەدر بکەن و بە گەڕانەوە بۆ کاری سیاسی رازی بکەن؛ بۆیە ئەگەر لایەنە سیاسییەکان دەیانەوێ هەڵبژاردن لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەبچێت، ئەوا بەرپرسیارێتی ئەو هەڵبژاردنە و لێکەوتەکانی دەکەوێتە ئەستۆیان.  ئەگەریش هەڵبژاردن دوابخەن، ئەوا دیسان بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە سەر شانی ئەوان. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر هەڵبژاردن بێ بەشداریی رەوتی سەدر بەڕێوەبچێت، ئەوا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت و ناتوانن حکومەتێکی بەهێز پێکبهێنن؛ ئەوکاتیش شەقام لە دەستی رەوتی سەدر دەبێت و شەقامیش دەتوانێ لە چەند رۆژێکدا حکومەت بگۆڕێت”. هەرچەندە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوێنێ یەکشەممە 22-4-2021 دووجار دڵنیایی دا کە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق دواناخرێت و لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە 10ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام کشانەوەی رەوتی سەدر و 24 لایەنی سیاسی دیکە لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان نیگەرانیی دروستکردووە؛ بە تایبەت دوای ئەوە هەفتەی رابردوو رەوتی سەدر و چەند لایەنێکی سیاسیی شیعە لە بەغدا کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا وەک سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند؛ پێشنیازی دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق بۆ مانگی نیسانی ساڵی 2022 خراوەتەڕوو.

By ئابوري نيوز

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *