سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، ماریۆ دراگی رایگەیاند کە پشتبەستنی وڵاتەکەی بە گازی رووسیا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و ئەم رێژەیەش کە ساڵی رابردوو نزیکەی لەسەدا ٤٠ بووە، ئەمساڵ لەسەدا ٢٥یە.
ماریۆ دراگی لە ڤێلای مێژوویی ئاورێلیا لە رۆمای پایتەختی وڵاتەکەی بەشداری لە ئێوارەخوانێکدا کرد کە لەلایەن کۆمەڵەی رۆژنامەوانیی بیانی (Stampa Estera)ەوە رێکخرابوو.
سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، ماریۆ دراگی رایگەیاند کە بە قەیرانی جیاوازدا تێپەڕیون و گوتی: “داگیرکارییە ترسناکەکەی رووسیا لە ئۆکراینا، زیادبوونی تێچووی وزە، گەڕانەوەی هەڵئاوسانی لێکەوتووەتەوە، بەڵام لە ساتێکی ئاواشدا ئیتاڵیا وەک وڵاتێکی بەهێز دەمێنێتەوە”.
ماریۆ دراگی بە ئاماژەدان بە گەڕانی ئیتاڵیا بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزەی خۆی دوای ئەو شەڕەی کە رووسیا لە دژی ئۆکراینا لە ٢٤ی شوباتدا دەستی پێ کرد، گوتی: ” پشتبەستنی ئیتاڵیا بە گازی رووسیا زۆر کەمی کردووە. لە کاتێکدا ئەو گازەی کە لەم کاتەدا ساڵی رابردوو هاوردەکرابوو لەسەدا ٤٥ بووە، ئێستا لەسەدا ٢٥ە. پێداویستییەکان بە باشی دەڕۆن، کۆگاکان لە زیادبووندان، ئەمەش گرنگە. ئەمە بەرهەمی ئەو بڕیارە ستراتیجییە کە لە سەرەتای شەڕدا دامان. ئیتاڵیا چیتر ناتوانێت خۆی لە دۆخێکی وابەستەیی ستراتیجیی و جیۆپۆلەتیکیدا ببینێتەوە. ئەمە قبوڵ ناکرێت و شتێکە کە دەبێت بۆ هەمیشە بگۆڕێت. ئێمە بەخێرایی کارمان لەسەر ئەمە کرد”.