شی جین پینگ، سەرۆکی چین ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، چین بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئاوەدانکردنەوەی ئابووری عێراق و یارمەتیدانی بۆ گەڕاندنەوەی پیشەسازییەکان و باشترکردنی بژێوی خەڵک و گەیشتن بە گەشەسەندنی بەردەوام.
بەگوێرەی ئاژانسی شینخوای چینی، سەرۆک شی ئەم قسانەی لە میانەی وتووێژەکانی لەگەڵ محەممەد شیا ئەلسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە.
شی جینپینگ سەرۆکی چین – کە دوێنێ چوارشەممە سەردانەکەی بۆ سعودیە دەستیپێکرد – بەشداری لە 3 لوتکەی عەرەبی و کەنداو دەکات، بە ئامادەبوونی زیاتر لە 30 سەرکردەی دەوڵەت و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، پەکینیش ڕایگەیاند کە نوێنەرایەتی گەورەترین دەستپێشخەری دیپلۆماسی خۆی دەکات لە… جیهانی عەرەبی.
یەکەمین لوتکە لە بەرنامەی سەردانەکەی سەرۆکی چین بۆ ڕیاز “سعودی-چین” دەبێت و میدیا فەرمییەکانی سعودیە ڕایانگەیاندووە کە بڕیارە شاندی چینی لەو ماوەیەدا ڕێککەوتن لەگەڵ ڕیاز بە بڕی ٣٠ ملیار دۆلار واژۆ بکەن.
هەروەها بەرنامەی سەردانەکە ئامادەبوونی سەرۆکی چین لە “لوتکەی کەنداوی ڕیاز و چین بۆ هاریکاری و گەشەپێدان” لەخۆدەگرێت، کە تێیدا سەرکردەکانی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو بەشداری دەکەن.