بڕیاری دوورخستنەوەی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، مستەفا غالب دوای بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتانە درا کە باسیان لەوە دەکرد، دۆلار بەقاچاخ دەبردرێتە دەرەوە.

بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی دوورخستنەوەی پارێزگاری بانکی ناوەندیی، مستەفا غالب پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا ھێناوە، بە تایبەتیش کە بڕیارەکە بووە، سوپراێز بۆ کەرتی بانکیی و بازاڕەکانی دراو لەو وڵاتەدا.
رۆژی دووشەممە، ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق بڵاوی کردەوە کە محەمەد شیاع سوودانی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، مستەفا غالب-ی لە پۆستەکەی دوورخستووەتەوە، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە عەلی موحسین عەلاق لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی لە شوێنی مستەفا غالب لە پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندیی “بە وەکالەت” دانراوە.
عەلی موحسین عەلاق لە ساڵی ٢٠١٤دا، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بوو و لە ساڵی ٢٠٢٠دا، بووە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگارانی سندوقی نەختینەی عەرەبی، ھەروەھا پارێزگاری عێراق لە سندوقەکە.
– ئێران و دۆلار پەیوەندییان بە دوورخستنەوەی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقەوە هەیە؟
بڕیاری دوورخستنەوەی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، مستەفا غالب لە پۆستەکەی، دوای ئەوە ھات، چەند رۆژێک لەمەوبەر بەرپرسانی ئەمریکا و عێراق رایگەیاندبوو کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢وە، بانکی فیدراڵیی ئەمریکا، رێککاری زۆر توندی سەپاندووە بەسەر مامەڵە داراییەکان بە دۆلار لەلایەن بانکە بازرگانییە عێراقییەکان.
ھاوکات لە میانی ئەم ھەفتەیەدا، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ی ئەمریکی لە ژمارەیەک سەرچاوەی ئەمریکی بڵاوی کردبوویەوە، بڕیارەکەی بانکی فیدراڵیی، بە ئامانجی بەرگرتن لە سپیکردنەوەی پارە، دەستبەسەرداگرتنی دۆلار بە نائاسایی و گواستنەوەی بۆ ئێران و وڵاتانی دیکەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە لەلایەن ئەمریکاوە سزایان بەسەردا سەپێندراوە، دەرکراوە.
دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣دا، بانکە عێراقییەکان بەجۆرێک کاریان کردووە کە رێککاری توند لەبەرامبەریان نەگیراوەتەبەر.
بەپێی داتا فەرمییەکانی عێراق، بەرلە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢، حەواڵەکردنی دۆلار لە ئەمریکاوە بۆ عێراق، گەیشبووە ٢٥٠ ملیۆن دۆلار، بەڵام ئەو کات بانکی ناوەندیی عێراق، ھەروەھا ئەمریکا زانیاریی تەواوی لەبارەی شوێنی کۆتایی ئەو پارانە نەبوو.
عێراق ماوەی دوو دەیەیە بەدەست ناجێگیربوونی نرخی دراوی بیانی دەناڵێت، بەڵام لە میانی پێنج ساڵی رابردوودا، نرخی دراوی بیانی لە عێراق زیاتر رووی لە ناجێگیربوون کردووە، ئەوەیش وێرای ئەوەی عێراق یەکێکە لە پێنج گەورەترین وڵاتانی ھەناردەکاری نەوتی خاو لە جیھاندا، بەو پێیەی رۆژانە سێ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار بەرمیل ھەناردە دەکات.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردووەتەوە کە بەئامانجی دابینکردنی دۆلار بۆ عێراق، فڕۆکەکان ھەر چەند مانگ جارێک، دۆلار لە ئەمریکاوە دەگەیەننە بەغدا.
بەڵام لە بانکە تایبەتەکانی عێراقدا، هاتنی دۆلار زیاتر بە ئەلیکترۆنی دەکرێت کە ئێستا لە ھەژمارە فەرمییەکانی عێراق لە بانکی یەدەگی فیدراڵییەوە چارەسەر کراوە و داھاتی فرۆشتنی نەوت لەو ھەژمارانە دادەنرێت.
بەھۆی سزاکانی ئەمریکا و ئەورووپاوە، کەناڵەکانی ھاوردەکردنی دراوی بیانی بۆ ئێران داخراون، ئەوەیش وەک ھەوڵێک بۆ زیانگەیاندن بە سستەمە دارایی و ئابوورییەکانی تاران.
بەڵام ئێران بۆ چەندین جار بە ئاشکرا رایگەیاندووە کە لەبەرامبەر ھەناردەکردنی بەشێک لە نەوت و غاز و بەروبوومەکانیان بۆ دەرەوە، دراوی بیانی یان زێڕ وەردەگرێت.
ھەورەھا بەھۆی سزاکانی ئەمریکاوە، کەناڵەکانی ھاتنی دراوی بیانی بۆ سووریا وشککراون کە ئەوەیش بووەتە ھۆی ئەوەی دراوی ئەو وڵاتە (لیرە) بەھاکەی لەدەست بدات.
گومان دەکرێت بەشێکی زۆر لە دراوی بیانی لە عێراقەوە بگوزراێنەوە بۆ ئێران و سووریا کە ئەوەیش وای کردووە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا سزای توند بەسەر حەواڵەکردنی دۆلار بۆ عێراق بسەپێنێت.
بڕیاری دوورخستنەوەی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، مستەفا غالب لە پۆستەکەی، بەھۆی ئەوە دراوە کە بانکی ناوەندیی نەیتوانیوە رێوشوێنی توند بە ئامانجی رێگریکرتن لە بەقاچاغبردنی دۆلار بۆ دەرەوە، بگرێتەبەر.
مستەفا غالب کە کەسیکی شارەزایە لە بواری یاسادا، نەک بواری بانکیی لە ئەیلوولی ٢٠٢٠دا، بووە پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، بەر لەوەیش بەڕێوەبەری بەشی یاسایی بوو لە بانکی ناوەندیی.
بەبڕیاری دوورخستنەوەی مستەفا غالب لە پۆستەکەی، دیناری عێراقی بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی بەڕێژەی پێنج لەسەدا بەرزبووەیەوە.
لەسەرەتای ئەم ھەفتەیەدا، دیناری عێراقی بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی بەڕێژەی ١٠ لەسەدا دابەزینی تۆمارکرد، وێرای ئەوەی بانکی ناوەندیی رایگەیاندوو کە دۆلاری زیاتری خستووەتە بازاڕەوە.