عێراق و ئەمریکا ھەماھەنگی ھاوبەشەکانی نێوانیان لە بواری داراییدا تاوتوێ کرد

– سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئێلیزابێس ڕۆزنبێرگ ھەماھەنگییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵاتیان لە بواری داراییدا تاوتوێ کرد.

سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئێلیزابێس ڕۆزنبێرگ ڕایگەیاند کە ھەنگاوی گەورەیان ناوە بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکان لە دامەزراوە داراییەکاندا لە ھەردوو کەرتی گشتیی و تایبەتدا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی کردووە لە یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئێلیزابێس ڕۆزنبێرگ و شاندی یاوەری.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، ھەماھەنگی ھاوبەشی نێوان دامەزراوە داراییەکانی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تاوتوێ کراوە، ھەروەھا گفتوگۆکراوە لەبارەی ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی چاکسازییە دارایی و بانکییەکاندا بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەیش کراوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە بەردەوامن لە ئەنجامدانی چاکسازیی لە کەرتی بانکیدا کە بنەمایەکی بنەڕەتییە بۆ پەرەپێدانی ئابووریی، ئەوەیش لە ڕێگای پشت بەستن بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ئەم چاکسازییانە بەشێوەیەکی بەرچاو بوونەتە ھۆی کەمکردنەوەی سپیکردنەوەی پارە، ھەروەھا چارەسکردنی بازرگانی گوماناوی و سنووردارکردنی گەندەڵی و ڕایگەیاندووە کە ھەنگاوی گەورەیان ناوە بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکان لە دامەزراوە داراییەکاندا لە ھەردوو کەرتی گشتی و تایبەتدا.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لای خۆیەوە، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئێلیزابێس ڕۆزنبێرگ ستایشی ھەنگاوە گەورەکانی حکوومەتی عیراقی کردووە لە ئەنجامدانی چاکسازی دارایی و بانکیدا.

By ubnt