وەزیری نەوتی عێراق، ئیحسان عەبدولجەبار رایگەیاند کە کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراق (سۆمۆ)، پشکەکانی کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی لە کێڵگەی “رۆژئاوای قورنەی یەک” لە پارێزگای بەسرە کڕیەوە.
ئێحسان عەبدولجەبار لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی کە کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی (سۆمۆ)، پشکەکانی کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل لە کێڵگەی “رۆژئاوای قورنەی یهك” بکڕێتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٠دا، کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی کاری پەرەپێدان و فراوانکردنی لە کێڵگەی رۆژئاوای قورنەی یەک ئەنجامداوە و یەدەگی نەوت لە کێڵگەکەدا بە ھەشت ملیار و ٥٠٠ ملیۆن بەرمیل خەڵمێندراوە کە لە ئێستادا ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، بەرھەم دههێنێت.
بەپێی داتا فەرمییەکانی عێراق، کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل بەڕێژەی ٦٠ لەسەدا، گرێبەستی لە پەرەپێدانی کێڵگەی “رۆژئاوای قورنەی یەک”دا ھەبوو، کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراقیش بەرێژەی ٢٥ لەسەدا و کۆمپانیای رۆیاڵ داچ شل-یش بەڕێژەی ١٥ لەسەدا.
عێراق لە دوای سعوودیە دووەم گەورەترین بەرھەمھێنەری نەوتی خاوە لەنێو وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپیک بە جۆرێک لە دۆخی ئاساییدا، رۆژانە تێکڕا چوار ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار بەرمیل بەرھەم نهوت دەھێنێت و بۆ خەرجییەکانی دەوڵەتیش بەڕێژەی ٩٢ لەسەدا، پشت بە داھاتی فرۆشی نەوت دەبەستێت.