عێراق گەورەترین هۆکاری دابەزینی بەرهەمی “ئۆپێک”ە

بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک بۆ مانگی نیسان دابەزینی بەخۆیەوە بینی، بەهۆی پچڕانی بۆرییەکانی عێراقەوە هەناردەی عێراق بەڕێژەی 80% دابەزی، لەکاتێکدا مانگرتنی کرێکاران لە نەیجیریا هەناردەکردنی ڕاگرت.

قەبارەی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت نزیکەی 310 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، کە بە تێکڕا گەیشتووەتە 28.8 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی نزیکەی ساڵێکدا تۆمارکردووە، بەپێی ڕاپرسییەک کە لەلایەن ” بلومبێرگ”.

مانگی ڕابردوو ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی کەمکردنەوەی بەرهەمی نوێیان ڕاگەیاند، کە لەم مانگەوە دەستپێدەکات، بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی بازاڕە جیهانییەکانی نەوت، بەڵام ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی لە دابینکردندا کە لە مانگی نیساندا ڕوویاندا، مەبەست نەبوون، عێراقیش نزیکەی 80%ی ئەم دابەزینەی بەشداریکردووە.

ناکۆکی نێوان حکومەتی ناوەند لە بەغدا و هەرێمی کوردستان بووە هۆی ڕاگرتنی ئەو بۆرییە، کە بەزۆری ڕۆژانە ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان دەگوازێتەوە.

By ئابوري نيوز