عێراق ھەوڵدەدات بەرھەمھێنانی نەوت لە کێڵگەی رومێلە زیاد بکات

وەزیری نەوتی عێراق، ئێحسان عەبدولجەبار رایگەیاند کە ھەوڵدەدەن بە ھاوکاری کۆمپانیای بریتیش پێترۆلیوم (BP)، بەرھەمھێنانی نەوت لە کێڵگەی رومێلە لە پارێزگای بەسرە زیاد بکەن.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە پلانیان ھەیە بەرھەمھێنانی نەوت لە کێڵگەی رومێلە زیاد بکەن و بگەیەننە یەک ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

لەئێستادا، یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لە کێڵگەی رومێلە، بەرھەم دەھێندرێت.

وەزیری نەوتی عێراق، ئێحسان عەبدولجەبار لە لەندەن لەگەڵ سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای بریتیش پێترۆلیوم (BP)، بێرنارد لۆنی کۆبووەوە و پرسی زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوتیان لە کێڵگەی رومێلە سەربە پارێزگای بەسرە تاوتوێ کرد.

حکوومەتی عێراق، چەند پلانێکی بۆ پەرەپێدان بە کێڵگە نەوتییەکان و ھەڵکەندنی بیرە نەوتی نوێ داناوە، بۆ ئەوەی بەرھەمێنانی نەوت تا ساڵی ٢٠٢٥ بگەیەنێت بە شەش میلۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

عێراق لە دوای سعوودیە دووەم گەورە بەرھەمھێنەری نەوتی خاوە لەنێو رێکخراوی وڵاتانی ھەرنادەکاری نەوت (OPEC) کە رۆژانە تێکڕا چوار ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل بەرھەم دەھێنێت.

By ubnt

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *