مووچە بۆ 14هەزار کەم ئەندام دەبڕدرێتەوە : وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشكرای كرد، 14هەزار كەمئەندامی دیکە ئەمساڵ مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە و مەرجیش نییە ئەوەی مووچەی دیكەی هەبێت ئەو مووچەیەی پێنەدرێت.

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند: “ئێستا سەرقاڵی تۆمارکردنی 14 هەزار کەسین، کە وەکوو خاوەن پێداویستیی تایبەت مووچەیان بۆ ببڕدرێتەوە، دوای تەواوبوونی کارەکان، ناویان دەچێتە لیستی مووچەوە و مووچەیان پێ دەدرێ.”
ئاماژەی بەوەش دا: “ئێستا پشكنین بۆ ئەو كەمئەدامە تازانە دەكرێت و پڕۆسەی پشكنینەكەش بەردەوامە.”
ئەو 14 هەزار كەسە پێكدێن لە، ئیفلیجی دەماغ، کورتەباڵا، ئۆتیزم، تالاسیمیا و هیمۆفیلیا، بەپێی یاسای ماف و ئیمتیازی كەمئەندامان، مووچە و مینحەی كەمئەندامی بەو كەسانە دەدرێت، كە لە لیژنەی پزیشكی دەردەچن.
کوێستان محەمەد، ئەوەشی خستە ڕوو: “ئەمساڵ پشكنین تەواو دەكرێت و ناویان دەچێتە نێو لیستی مووچەوە.”
جەختیشی كردەوە، دەبێت ئەو كەسانە رێژەی كەمئەدامییان بەپێی بڕیار و رێنوێنییەكانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بێت، گوتیشی: “مەرج نییە ئەوانەی مووچەی دیكەیان هەبێت مووچەی كەمئەندامیان بۆ نەبڕدرێتەوە، بەڵكوو دەوستێتە سەر ئەوەی، ئەو كەسە چەندە مەرج و رێنوێنییەكانی تێدایە.
سەرچاوە: https://aburi.new
لنکی تلگرام: https://t.me/hawalaburi