مێسی بە گریانەوە: زۆر چاوەڕێم کرد

لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، بە چاوی پڕ لە گریانەوە دڵخۆشیی خۆی بە بەرزکردنەوەی جامی کۆپا ئەمریکا لە بەرامبەر جەماوەری ئەرجەنتین نیشاندا و گوتی “زۆر چاوەڕێی ئەو ساتانەم کردووە”.

لە گەڕی 10ـی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لەسەر یاریگەی مۆنومێنتاڵ میوانداری هەڵبژاردەی بۆلیڤیای کرد و بە هاتریکی مێسی لێیبردەوە، دوای یارییەکەش ئەرجەنتینییەکان بۆ یەکەمجار جامی کۆپا ئەمریکایان لە بەرامبەر هاندەرانی تانگۆدا نماییشکرد و ئاهەنگێک بەو بۆنەیەوە رێکخرا.

مێسی لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا، دڵخۆشیی خۆی نیشاندا و بە گریانەوە گوتی “من لە دڵەڕاوکێدا بووم و ئارەزوویەکی زۆرم هەبوو بۆ چێژوەرگرتن، زۆر چاوەڕێی ئەو ساتەم کرد، ئێمە یارییەکی گرنگمان بردەوە، ئاهەنگمان گێڕا، ماوەیەکی زۆرە لەپێناو ئەو ساتانەدا تێدەکۆشم”.

لیۆ لە بەردەوامی قسەکانیدا دووپاتیکردەوە کە زۆر چاوەڕێی کردووە تاوەکو توانیویەتی بەم رۆژە بگات و گوتی “سوپاس بۆ خوا ئەو دەرفەتەم بۆ رەخسا، ساتێکی کەموێنەبوو بەهۆی سیناریۆی ئەنجامدانی، دوای ماوەیەکی درێژ ئاهەنگێکی سەرسوڕهێنەرمان کرد”.

کاپتنی هەڵبژاردی تانگۆ، خێزانەکەیشی لەبیربوو، لە پێناویاندا زۆر دڵخۆش بوو، بۆیە گوتی “خێزانەکەم زۆریان ناڵاندووە، بەڵام ئێستا ئەوان لەسەر سەکۆی ئاهەنگەکانن، هیچ شێوازێک بۆ ئاهەنگگێڕان لەوە جوانتر و  باشتر نییە کە بەرامبەر دایک و باوک و خێزانەکەت بکەی، من زۆر چاوەڕێم کرد، خەونم بینی، هەوڵمدا و تێکۆشام تاوەکو بەم رۆژە گەیشتم، زۆر دڵخۆشم”.

مێسی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، نەیشاردەوە کە دڵخۆشە بە تۆمارکردنی هاتریک، بەڵام وەک خۆی گوتی “زۆر دڵخۆشم بەوەی کە 3 گۆڵم تۆمارکردووە، بەڵام گرنگ بردنەوەی ئەرجەنتینە”.

By ubnt

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *