مێسی: دەمەوێ بگەڕێمەوە بارسێلۆنا

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە نوێترین هەڤپەیڤینیدا ئاماژەی بە چەند خاڵێک کردووە کە تایبەتن بەخۆی و یانەی بارسێلۆنا.

لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ رۆنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی کە تەنیا چەند بڕگەیەکی لێبڵاوکراوەتەوە، مێسی ئاماژەی بە کاتی رۆیشتنی کردووە لە بارسێلۆنا دەڵێت: مووچەکەم بۆ نیوە کەمکردەوە، بەڵام کەس بەمنی نەگوت کە بە خۆڕایی یاری بکە، من ئامادەبووم یارمەتیی یانەی بارسیلۆنا بدەم، بەڵام قسەکانی لاپۆرتی منی بریندارکرد.

لیۆ لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە هیوادارە رۆژێک لە رۆژان بگەڕێتەوە بۆ یانەی بارسێلۆنا و وەک سکرتێری هونەری کاربکات، دەڵێت: دەمەوێ لە داهاتوودا بگەڕێمەوە بۆ بارسێلۆنا و وەک سکرتێری هونەری کاربکەم، بەڵام نازانم بارسێلۆنا ئەوەی دەوێ یان نا، ئەگەر رووبدات دەمەوێ یارمەتی یانەکە بدەم.

مێسی گوتیشی: بارسێلۆنا ئەو یانەیەیە کە من خۆشمدەوێ، دەمەوێ باشبێت و بەرەوپێشەوە بچێت، ببێتەوە بە باشترین یانەی جیهان.مێسی نەیشاردەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەو بۆ بردنەوەی نازناوێکی دیکەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپایە.

لە کۆتایی ئەو بەشەی هەڤپەیڤینەکەی مێسی کە بڵاوکراوەتەوە دەڵێت: من بیری شاری بارسێلۆنا و ژیانکردن لەو شارە دەکەم، بەڵام لە پاریسیش دڵخۆشم.

مێسی لە هاوینی رابردوو دوای 20 ساڵ بە گرێبەستێکی خۆڕایی لە یانەی بارسێلۆناوە چووە یانەی پاریس سانجێرمان، لەو یانەیە درێسی ژمارە 30 وەرگرتووە، بەڵام ئاست و ژمارەکانی جێگەی دڵخۆشیی هەوادارەکانی نین، ئەو لە 8 یاریی سەرەتادا تەنیا 3 گۆڵی هەیە و هیچ ئاسیستێکی نەکردووە، ئەمە جیا لەوەی کە لە خولی فەرەنسیدا تاوەکو ئێستا گۆڵی نەکردووە.

By ئابوري نيوز

اترك تعليقاً

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *