نەجیب میکاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، سەرپەرشتیاری لوبنان، ئەمڕۆ رایگەیاند، حکومەتی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بەردەوامبوون لە دابینکردنی نەوتی سووتەمەنی قورس بۆ کارەبای لوبنان بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە، ئەمەش فشارەکانی سەر تۆڕی کارەبای لوبنان کەمدەکاتەوە.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، میکاتی رایگەیاندووە، ئەو داوایەی پێشکەشی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، ئەویش بە هەمان مەرجەکانی رێککەوتنی ئێستا کە ساڵی رابردوو واژۆکراوە، رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر درێژکردنەوەکە.
لە مانگی تەمموزی ٢٠٢١ عێراق یەک ملیۆن تۆن نەوتی سووتەمەنی قورسی پێشکەش بە حکومەتی لوبنانی کرد کە پارەی نەختینەیی هەیە بۆ ماوەی ساڵێک لە بەرامبەر خزمەتگوزارییەکان لەوانەش چاودێری تەندروستی بۆ هاووڵاتییانی عێراق.
ئەم رێککەوتنە بە مەبەستی کەمکردنەوەی کەمی کارەبای توندی لوبنان بوو، کە هاوینی رابردوو گەیشتە ئاستێکی قەیران، کاتێک حکومەت نەیتوانی پاڵپشتی هاوردەکردنی سووتەمەنی بکات.
دواتر لوبنان ئەم یارمەتییە لابرد و نرخی سووتەمەنی بەرزبووەوە. پاشان ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی جیهانی ئەمساڵ.
بەهۆی ئەوەی حکومەت ناتوانێت سووتەمەنی بۆ وێستگە گشتیەکانی کارەبا دابین بکات، زۆربەی ماڵەکانی ئەو وڵاتە نزیکەی ٢٢ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا بێ کارەبان کە لەلایەن دەوڵەتەوە دابین دەکرێت.