هەردیپ سینگ پوری وەزیری نەوت و غازی سروشتی هیندستان رایگەیاند، زۆربەی نەوتی خاوی وڵاتەكەی لە ئایندەیەكی نزیكدا لە وڵاتانی كەنداوەوە دێت، بەتایبەتی عێراق و سعودیە، لەكاتێكدا هەوڵدەدەن بنكەیەكی وزە بە نرخێكی گونجاو دەستەبەر بكەن.
پاڵاوگەکانی هیندستان خەریکی کڕینی نەوتی ڕووسی تاڕادەیەک هەرزانن، کە کۆمپانیا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەو کاتەوەی کە سزاکان بەسەر مۆسکۆدا سەپێندرا بەهۆی ئەوەی ناوی دەنێت “ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەت” لە ئۆکرانیا، خۆیان لێیان بەدوور گرتووە.
هاوردەکردنی نەوتی روسیا لە مانگەکانی نیسان و ئایاری هیندستان 4.7 هێندە زیادی کردووە، کە دەکاتە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بەڵام لە مانگی تەمموزدا کەمیکردووە.
هیندستان لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا بەڕێژەی 9.3% کڕینی نەوتی لە عێراق کەمکردەوە بە بەراورد بە مانگی حوزەیران بۆ کەمتر لە یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ یەکەمجار لە ماوەی 10 مانگدا، بەڵام عێراق وەک گەورەترین هەناردەکاری نەوت بۆ هیندستان لە پلەی یەکەمدا مایەوە.
هاوردەکردنی نەوتی خاو لە سعودیەوە لەلایەن سێیەم گەورەترین هاوردەکار و بەکارهێنەری نەوتی جیهانەوە لە مانگی تەمموزدا بەڕێژەی زیاتر لە 25% بەرزبووەوە، دوای ئەوەی سعودیە لە مانگی تەمموزدا نرخی فرۆشتنی فەرمی خۆی دابەزاند بۆ ئەوەی سعودیە لە پلەی سێیەمدا بمێنێتەوە لەنێو دابینکەرانی هیندستان.
هەرچەندە هاوردەی نەوت لە روسیاوە لە مانگی تەمموزی رابردوودا بەراورد بە ئاستی مانگی حوزەیران بە رێژەی 7.3% دابەزیوە، بەڵام مۆسکۆ دوای عێراق بە دووەم گەورەترین دابینکەری نەوتی ئەو وڵاتە ماوەتەوە.
پوری ئاماژەی بەوەشکردووە، تا کۆتایی ساڵی دارایی لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢٢ کڕینی هیندستان لە ڕووسیا تەنها ٠.٢% بووە، بەڵام دواتر بەهۆی گۆڕانی دۆخی جیهانی “کێشەدار” بەرزبووەتەوە، ئەوروپا لە ڕووسیا دەیکڕێت.