– لە لووتکەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا رێککەوتنێک کرا بۆ لابردنی بانکی رووسی زبیربانک لە سیستەمی سویفت (SWIFT) و دابینکردنی بڕی نۆ ملیار یورۆ بە ئۆکراینا.
وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی بڕی نەوتی هاوردەکراو لە رووسیاوە بە نزیکەی لەسەدا ٩٠ تا کۆتایی ئەمساڵ.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین لە کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە بڕۆکسل رایگەیاند کە لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر رووسیادا گەیشتوونەتە رێککەوتن.
ڤۆن دێر لاین لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی سزاکەی سەر رووسیا رایگەیاندووە “تا کۆتایی ئەمساڵ هاوردەکردنی نەوت لە رووسیاوە بۆ یەکێتیی ئەورووپا بەڕێژەی نزیکەی لەسەدا ٩٠ کەم دەکەنەوە”.
سەرۆكی ئەنجوومەنی یەكێتیی ئەورووپا، چارلێس میشێل هەر لەم بارەیەوە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاشکرای کرد کە هاوردەکردنی نەوت لە رووسیاوە بە رێژەی دوو لەسەر سێ کەم دەکەنەوە.
چارلێس میشێل بە ئاماژەدان بەوەی کە “سەرچاوەی جیددی داهات” کە رووسیا بۆ جەنگ بەکاری دەهێنێت کەم دەبێتەوە و جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبن لە فشارخستنە سەر ئەم وڵاتە.
– زبیربانک لە سیستەمی سویفت (SWIFT) لابرا
سەرۆكی ئەنجوومەنی یەكێتیی ئەورووپا، چارلێس میشێل هەروەها رایگەیاندووە کە شەشەمین پاکێجی سزا کە سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەسەری رێککەوتوون بریتییە لە دەرکردنی زبیربانک کە یەکێکە لە گەورەترین بانکەکانی رووسیا لە سیستەمی گواستنەوەی پارەی سویفت (SWIFT) و قەدەغەکردنی تەلەڤیزیۆنەکانی دەوڵەتی رووسیا.
جگە لە پاکێجی سزاکان، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی G7 بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراینا گەیشتنە رێککەوتن بۆ دابینکردنی هاوکاری دارایی بەبڕی نۆ ملیار یورۆ.
– هەنگاریا دژی بڕیارەکەی ئەنجوومەن بوو
ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندام بە تایبەت هەنگاریا دژی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوت بوون. هەنگاریا، سلۆڤاکیا و کۆماری چیک کاتێکی زیاتریان پێدرا بۆ هاوردەکردنی نەوت لە رووسیاوە.
سەرەڕای ئەمەش، هەنگاریا دژی وەستانی تەواوەتی هاوردەکردن بوو تا ئەو کاتەی ئاسایشی دابینکردنی وزە بەتەواوی مسۆگەر دەکرێت.
سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا، ڤیکتۆر ئۆربان لە دەستپێکی لووتکەی دوێنێی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا بەبێ راوێژکردن (بە هەنگاریا) پێشنیازێکی ئامادەکردووە و “نابەرپرسیارانە مامەڵەی کردووە”.