وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی خۆی لە زیادبوونی “چالاکییە سەربازییەکان” لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پیشاندەدات و داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات.
گوتەبێژێک بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی تایبەت بە هێرشی ئەمڕۆ یەکشەممەی فڕۆکەکەی تورکیا بۆسەر ئۆتۆمبێلێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و رایگەیاند: “ویلایەتە یەکگرتووەکان زۆر نیگەرانە لە راپۆرتەکانی تایبەت بە زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا”.
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا بۆ رووداو هاتووە، “ئێمە پاڵپشتی لە هێشتنەوەی هێڵەکانی ئاگربەستی ئێستا دەکەین و هانی تەواوی لایەنەکانیش دەدەین دۆخەکە هێوربکەنەوە”.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22-08-2021 فڕۆکەیەکی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی لە گەڕەکی هیمۆ لە رۆژئاوای شاری قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج و بەو هۆیەوە سێ کەس برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە. بارزان فەرمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە قامشلۆ رایگەیاند، لە بۆردوومانەکەدا ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندکروزەر کراوەتە ئامانج، کە ئۆتۆمبێلی ستافی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بووە.
ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات – مەسەدە ئەمڕۆ بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی تورکیای کرد و ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی رووسیا بە بەرپرس دەزانێت لەوەی تورکیا ئەو هێرشانە دەکات، داواشی لە حکومەتی رووسیا و هێزەکانی لە سووریا کرد، سەرکۆنەی ئەو هێرشانە بکەن و سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانەی تورکیا دابنێن.
مەسەدە پێیوایە “ئەو هێرشانە ئاماژەیەکی مەترسیدارن و نیازی تورکیا دەردەخەن لە بڵاوکردنەوەی پشێوییەکی گەورە لە ناوچەکەدا”، بۆیە داوای لە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەڵەتی، لە سەروویانەوە ئەمریکا، کرد هەڵوێستی هەبێت.