وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە حەوتی کانوونی دووەمدا کۆدەبنەوە


وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ، بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی چالاکییە سەربازییەکانی رووسیا لەسەر سنووری ئۆکراینا لە حەوتی کانوونی دووەمدا، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام دەدەن.

بڕیارە کۆبوونەوەکە بەشێوەی ڤیدیۆکۆنفڕانس بەڕێوەبچێت، تیایدا وەزیرەکان دەربارەی گرژییە نێودەوڵەتییەکان لە دوای لەشکرکێشییەکانی رووسیا بۆسەر سنووری ئۆکراینا و ئاسایشی ئەورووپا لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا، گفتوگۆ بکەن.

چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سکرتێری گشتی ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ لێدوان بۆ رۆژنامەنووسان بدات.

ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیەش پێش کۆبوونەوەی نێوان ئەمریکا و رووسیا کە بڕیارە کە ١٠ی کانوونی دووەمدا لە شاری جنێڤی سویسرا ساز بکرێت، جێگای سەرنجە.

هەروەها لە ١٢ی کانوونی دووەمیشدا، دوای ماوەیەکی زۆر لیژنەی رووسیا و ناتۆ پێکەوە کۆدەبنەوە.

جگە لەم دوو کۆبوونەوەیەش پلان وایە لە ١٣ی مانگدا، رێکخراوی ئاسایش و هەماهەنگیی ئەورووپا بە بەشداری نوێنەرانی رووسیا، ئۆکراینا، ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا کۆببێتەوە.

کۆتا جار وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە ٣٠ی تشرینی دوومدا لە شاری ریگا پایتەختی لیتوانیا کۆبوونەوە و جارێکی دیکە هۆشدارییەکانیان بۆ رووسیا دووبارە کردەوە و هەڕەشەی سەپاندنی سزای ئابووریی و سیاسییان لە مۆسکۆ کرد.

لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمیشدا، رووسیا پێشنیازی رێککەوتنێکی تایبەت بە چەند دڵنیاییەکی ئەمنی پێشکەشی ناتۆ و ئەمریکا کرد، لەنێو پێشنیازەکەدا داوا کراوە کە دڵنیایی ئەوە بدرێتە مۆسکۆ لە ئایندەدا، ئۆکراینا نابێتە ئەندام لە ناتۆ

By ubnt

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *