ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، وڵاتانی رۆژئاوا هەوڵ دەدەن “سیستمێکی هاوشێوەی ناتۆ” بۆ ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن درێژ بکەنەوە.

پۆتین لە وتارێکی کردنەوەی کۆنفرانسی مۆسکۆ بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، واشنتۆن “دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان دەکات و کودەتا و شەڕی ناوخۆ رێکدەخات”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “واشنتۆن هەوڵدەدات هەژموونی نێودەوڵەتی خۆی بپارێزێت، هەروەها ئۆکرانیای کردووە بە گۆڕەپانی شەڕ”.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەمریکا هەوڵدەدات قەیرانی ئۆکرانیا درێژ بکاتەوە و ململانێکان لە ئاسیا و ئەفریقا ئاگر بکاتەوە.
پوتین ئاخاوتنی بۆ دۆسیەی تایوان کرد و وتی: سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر تایوان ڕەنگدانەوەی ڕێزنەگرتنی واشنتۆنە بۆ سەروەری وڵاتان.
سهرۆک کۆماری ڕووسیا جهختی کردهوه که “ڕووسیا و چین سهروهری خۆیان دهپارێزن و ملکهچی فشاره دهرهکییهکان نابن”.
ناتۆ خەریکە شەڕانگێزتر دەبێت
لای خۆیەوە سێرگی شویگو وەزیری بەرگری رووسیا رایگەیاند “ناتۆ زیاتر شەڕانگێز بووە و كاردەكات بۆ زیادكردنی قەبارەی هێزەكانی لە ئەوروپا”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ناتۆ هەوڵدەدات هەژموونی خۆی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و ئەفریقادا بسەپێنێت”.
سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا، شویگو وتی: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا هەموو ئامانجەکانیان بەدی دەهێنێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، “ڕۆژئاوا سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکات کە لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیا ئەنجامدەدرێن”.
شویگو جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی “لە شەڕەکانی ئۆکرانیادا چەکی کۆمەڵکوژ بەکارناهێنێت”.