راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، جەیک سولیڤان، ئاماژەی بەوە کرد لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە سبەی دەست پێ دەکات، سەرۆکی وڵاتەکەی جۆ بایدن بەشداری لە لووتکەی ئاسایشی خۆراکدا دەکات کە لە نێوان ئیسرائیل، ئیمارات، هیندستان و ئەمریکا ساز دەکرێت و، لە سعوودیە قسە لەسەر دیدگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
لە میانی بەشداری کردنی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی کۆشکی سپیدا، سولیڤان باسی لە سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن کرد بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە سبەی دەست پێ دەکات و هەریەک لە ئیسرائیل، کەرتی خۆرئاوا و سعوودیە دەگرێتەوە، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانیشی دایەوە.
سولیڤان باسی لەوە کرد کە جیهان دۆخێکی رکابەری وەرگرتووە، لەو چوارچێوەیەشدا پێویستە درێژە بە پەیوەندی چڕ لەگەڵ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بدرێت، ئەوەشی خستەڕوو کە لەوەتەی بایدن هاتووەتە سەر دەسەڵات دۆخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیرترە.
هەروەها سولیڤان باسی لەوە کرد کە یەکەم وێستگەی سەردانەکەی بایدن بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئیسرائیل دەبێت و، لەوێ کۆبوونەوەی دوو قۆڵی ئەنجام دەدات و بەشداری دەکات لە لووتکەی ئاسایشی خۆراک کە لە نێوان ئایسرائیل، ئیمارات، هیندستان و ئەمریکا سازدەکرێت.
گوتیشی: ”لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بایدن تاوتوێی دووبارە دروستکردنەوەی پەیوەندییەکان دەکات لەگەڵ فەڵەستین و لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین، مەحموود عەباس کۆدەبێتەوە”.
سولیڤان ئاماژەی بەوەیش کرد کە بایدن لە ئیسرائیلەوە سەردانی شاری جددە-ی سعوودیە دەکات و، رایگەیاند: ”بایدن لەوێ بەشداری دەکات لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو و، پاشان باس لە دیدگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات”.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا سولیڤان، باسی لەوەیش کرد کە بایدن لە سعوودیە باس لە دابەزینی نرخی نەوت و ئاسایشی وزە دەکات.
هاوکات سولیڤان باسی لەوە کرد کە بایدن دیداری لەگەڵ خانەوادەی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقجی نەبووە، بەڵکو تیمەکەی دیداریان هەبووە و، گوتی: ”بایدن پەشیمان نییە لە لێدوانەکانی لەبارەی سعوودیە کە لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا کردوونی”.