کۆمپانیای دانەگاز راپۆرتی نوێی دارایی کۆمپانیاکەی بۆ نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و بەپێی راپۆرتەکە، ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 6٪ بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 09-08-2023، کۆمپانیای دانەگاز رایگەیاند، پێشبینی دەکەن تاوەکو کۆتایی چارەکی دووەمی ساڵی 2024، پڕۆژەی پەرەپێدان و فراوانکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە بەبڕی 250 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە لە هەرێمی کوردستان تەواو ببێت.
دانەگاز کە یەکێکە لە هاوبەشەکان لە کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆلیۆم رایگەیاند، بەم دواییانە کۆنسێرتیۆمەکە 101 ملیۆن دۆلاریان وەک شایستە داراییەکانیان وەرگرتووە.
دانەگاز دەڵێت، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا قازانجی کۆمپانیاکە 83 ملیۆن دۆلار بووە کە بەراورد بە قازانجی نیوەی یەکەمی پار، 25٪ دابەزیوە، بەوپێیەی لە نیوەی یەکەمی پار 111 ملیۆن دۆلار قازانجیان هەبووە.
ئەو کۆمپانیایە هۆکاری دابەزینی قازانجی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بۆ دابەزینی نرخی نەوتی برێنت لەو ماوەیەدا بەراورد بە نیوەی یەکەمی پار گەڕاندووەتەوە و دەڵێت، “نیوەی یەکەمی پار، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت 107 دۆلار بووە، بەڵام نیوەی یەکەمی ئەمساڵ دابەزیوە بۆ 80 دۆلار.”