“ھەرێمی کوردستان بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە بەھای زیاتر لە دوو ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە”

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، بە بەھای دوو ملیار و ١٩٩ملیۆن و ٦٨٤ ھەزار و ٣٩٦ دۆلار، نەوتی فرۆشتووە کە ٩٤٦ ملیۆن و ٤٩٧ ھەزار و ١٤٢ دۆلاری بۆ مووچەی مووچەخۆران خەرج کراوە.

کۆمپانیای جیھانیی دیلۆیت لە راپۆرتێکدا ئاماری بەرھەمھێنان، ھەناردەکردن، خەرجی و فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستانی بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بڵاو کردەوە.

لە راپۆرتەکەی کۆمپانیای دیلۆیت-دا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەکراوە کۆی بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان ٣٦ ملیۆن و ٧٢٣ ھەزار و ٤٧٥ بەرمیل بووە و لەو ژمارەیە ٣٢ ملیۆن و ٣٠٧ ھەزار و ٣٨٢ بەرمیلی لێ ھەناردەکراوە، ھەروەھا چوار ملیۆن و ٣٩ ھەزار و ٢٣٢ بەرمیلیشی بۆ پاڵاوگاکان تەرخان کراوە و بڕی فرۆشی ناوخۆیش، گەیشتووەتە ٣٧٦ ھەزار و ٨٦١ بەرمیل.

کۆمپانیای دیلۆیت لە چوارچێوەی پڕۆسەی وردبینیی کەرتی نەوت و غاز لە ھەرێمی کوردستان و وەک بەشێک لە دەستپێشخەریی تایبەت بە شەفافییەت لە بەرنامەی کاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەر چوار مانگ جارێک راپۆرتی پشتڕاستکراوەی تایبەت بە داتا و زانیارییەکان لەبارەی پرۆسەی ھەناردەکردن، بەکاربردن، خەرجی و داھاتەکانی نەوتی ھەرێم بڵاو دەکاتەوە.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو کە داھاتی گشتیی فرۆشی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ دوو ملیار و ١٩٩ ملیۆن و ٦٨٤ ھەزار و ٣٩٦ دۆلار بووە و تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٦٧،٦٣٩ دۆلار فرۆشراوە.

بەپێی راپۆرتەکە داھاتی فرۆشی نەوتی ناوخۆ، ٢٢ ملیۆن و ٩٨ ھەزار و ٤٥٦ دۆلار بووە کە تێکڕای نرخی یەک بەرمیل بە ٥٨،٦٣٨ دۆلار فرۆشراوە.

کۆمپانیای ناوبراو راشیگەیاندووە، خەرجییەکانی پڕۆسەی نەوت بۆ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، یەک ملیار و ٢٥٣ ملیۆن و ١٨٧ ھەزار و ٢٥٤ دۆلار بووە و ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ٩٤٦ ملیۆن و ٤٩٧ ھەزار و ١٤٢ دۆلار وەک داھات بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ماوەتەوە کە بۆ مووچەی مووچەخۆران خەرج کراوە.

By ubnt