وەزیری بەرگریی یۆنان، نیکۆلاوس پاناجیۆتۆپۆلۆس داوای لە وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڵۆید ئۆستن کرد، فڕۆکەی جەنگیی F-35 بە وڵاتەکەی بفرۆشێت.
ئۆستن لە پنتاگۆن لەگەڵ پاناجیۆتۆپۆلۆس کۆبووەوە.
ئۆستن بەرلە کۆبوونەوەکە لە لێدوانێکی کورتدا بۆ رۆژنامەکان رایگەیاند کە هاوکاری بەرگریی نێوان ئەمریکا و یۆنان “بەهێزترە لەوەی پێشتر هەبووە”.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڵۆید ئۆستن گوتی: “رێککەوتنە نوێکراوەکانی هاوکاری بەرگریی نێوان ئەمریکا و یۆنان، پابەندبوونی نەگۆڕیی وڵاتەکانمان بە ئاشتی و ئاسایشی هاوبەش نیشان دەدات، هەروەها ئەمە رێگەی بە زیاکردنی سەربازی ئەمریکا لە یۆنان داوە بۆ پشتگیریکردن لە ئامانجە ستراتیجییەکانی چوونە ناوەوەی ناتۆ بۆ ناوچەکە”.
– وەزیرە یۆنانییەکە داوای فڕۆکەی جەنگیی F-35ی لە ئۆستن کرد
لە بەرامبەردا وەزیری بەرگریی یۆنان، نیکۆلاوس پاناجیۆتۆپۆلۆس ئاماژەی بەوە کرد، هاوکاری بەرگریی لەنێوان ئەمریکا و وڵاتەکەی “لە ساڵانی رابردوودا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست”.
نیکۆلاوس پاناجیۆتۆپۆلۆس وێڕای وەسفکردنی رووسیا بە “دەستدرێژیکار”، رایگەیاند کە ئامادەن “هەموو جۆرە هەنگاوێک” لە دژی ئەم وڵاتە بنێن و “هەموو جۆرە هاوکارییەک پێشکەش بە ئۆکراینا بکەن”.
گوتیشی: “پیداچوونەوەخوازی (revisionism)، مەترسییەکی گەورە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و یۆنان و هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی دروست دەکات. نابێت پیاچوونەوەخوازی زاڵ بێت. پێویستە ئاگاداری بنەماکان بین و هەڵوێستێکی هاوبەشمان هەبێت بەرامبەر بەو کەسانەی کە خەریکی ئەو جۆرە رەفتارە نایاسایی و ناسەقامگیرکەرانەن. ئامانجی سەرەکی هاوبەش دەبێت پاراستنی نەزمی یاسایی نێودەوڵەتی بێت کە بە پلەی یەکەم لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی و پەیوەندیی دراوسێیەتی دامەزراوە”.
وەزیری بەرگریی یۆنان، نیکۆلاوس پاناجیۆتۆپۆلۆس هەروەها رایگەیاند کە هیوادارە لە کۆبوونەوەکەدا، دەرفەتێک بۆ زیاتر قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و یۆنان بڕەخسێنێت و بە ئۆستن-ی گوت “بەردی بناغەی نوێی ئەم هاوبەشییە بێ گومان کڕینی نوێترین فڕۆکەی جەنگیی F-35ە لەلایەن یۆنانەوە کە دەبێتە هۆی زیادکردنی هەماهەنگی لەنێوان هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا و یۆنان”.