یێڵن: ئابووری ئەمریکا لە پاشەکشەدا نییە بەڵکو بەرەو خاوبوونەوە دەچێت

جانێت یێڵن، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاند، گەشەی ئابووریی ئەمریکا خاو دەبێتەوە، هەروەها دان بە مەترسییەکانی پاشەکشەی ئابووریدا ناوە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە پاشەکشە حەتمی نییە.

یێڵن ڕوونیشی كردەوە كە ئامارە بەهێزەكانی ئەمەریكا بۆ دامەزراندن و خەرجی بەكاربەران دەریدەخات كە لە ئێستادا ئابووری ئەمریكا لە پاشەكشەدا نییە.

بەرزبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی دامەزراندن لە ئەمریکا لە مانگی حوزەیران بەردەوام بوو و 372 هەزار هەلی کار بۆ دابینکرا و ڕێژەی بێکاریش لە سەدا 3.6 جێگیر بوو. ئەمە چوارەمین مانگ بوو لەسەریەک ژمارەی هەلی کاری نوێ ٣٥٠ هەزار کەسی تێپەڕاند.

یێڵن کە پێشتر سەرۆکایەتی بانکی فیدراڵی ئەمریکای دەکرد، وتی: ئەمە ئابوورییەک نییە کە لە پاشەکشەدایە، بەڵام ئێمە لە قۆناغێکی گواستنەوەداین کە گەشەکردنەکە خاو دەبێتەوە و ئەمەش پێویست و گونجاوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەڵاوسان “زۆر بەرزە” و بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوود لەم دواییانەدا یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی نرخەکان لە ژێر کۆنتڕۆڵدا بمێننەوە.

یێلن بە کەناڵی ئێن بی سی وتی: “ناڵێم بە دڵنیاییەوە خۆمان لە پاشەکشە بەدوور دەگرین، بەڵام پێموایە ڕێگایەک هەیە کە بازاڕی کار بەهێز دەهێڵێتەوە و دەبێتە هۆی دابەزینی هەڵاوسان”.

بەپێی ئابوریناسان کە ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕاپرسییان لەسەر کردووە، کۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمریکا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە ڕێژەی ساڵانەی 1.6% کەمیکردووە و پێشبینی دەکرێت ڕاپۆرتەکەی ڕۆژی پێنجشەممە لە چارەکی دووەمدا تەنها 0.4% بەرزببێتەوە.

یێڵن ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ژمارەکانی چارەکی دووەمیش نێگەتیڤ بن، بە لەبەرچاوگرتنی بەهێزی بازاڕی کار و زیادبوونی خواست، ئاماژە بە پاشەکشە ناکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “پاشکەوتنی ئابووری لاوازییەکی بەربڵاوە لە ئابووریدا، ئێستا ئەوە نابینین”.

telegram

By ubnt