کۆمیسیاری داد لە یەکێتی ئەورووپا، دیدییە رێندێرز رایگەیاند کە تا ئێستا یەکێتیی ئەورووپا بە بەهای ١٣ ملیار و ٨٠٠ یۆرۆ سەروەت و سامانی رووسیای بلۆک کردووە.
دیدییە رێندێرز لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا کە لە میانی کۆبوونەوەیەکی نافەرمی وەزیرانی دادی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا کە لە پراگ پایتەختی چیک بەڕێوەچوو، زانیاریی لەبارەی سەروەت سامانی بلۆککراوی رووسیا خستەڕوو.
کۆمیسیاری داد لە یەکێتی ئەورووپا ئاماژەی بەوەشکرد کە زیاتر لە ١٢ ملیار یۆرۆ لە کۆی سەروەت و سامانی بلۆککراوی رووسیا لە پێنج وڵاتی یەکێتی ئەورووپادایە.
دیدییە رێندێرز هیوای ئەوەی خواست کە وڵاتانی دیکەی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا هەوڵەکانیان بۆ بلۆککردنی سەروەت و سامانی رووسیا خێراتر بکەن.
کۆمیسیاری داد لە یەکێتی ئەورووپا ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکات کە دوای پشووی هاوین وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا بگەنە کۆدەنگییەک بۆ بەکارهێنانی سەروەت و سامانی بلۆککراوی رووسیا لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیادا.
جێگەی باسە تا ئێستا یەکێتیی ئەورووپا سەروەت و سامانی ٩٨ کۆمپانیای رووسی بلۆک کردووە، هەروەها سزای بەسەر هەزار و ١٥٨ کەسی رووسی لەنێویاندا سەرۆکی ئەو وڵاتە، ڤلادیمیر پوتین سەپاندووە و چوونە ناو خاکی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپایان لێ قەدەغە کراوە، ئەمە جگە لەوەی سەپاندنی شەش پاکێجی سزای بەسەر مۆسکۆدا پەسەند کردووە.